ئاژانسە ناوخۆییەکانی ئێران ڕاپۆرتێکیان لەسەر چالاکییەکانی گرووپێکی شاخەوانیی ژنان لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ڕێگەی وەرزش و ژینگەپارێزییەوە هەوڵی تێپەڕاندنی کۆسپە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە گوندی "شەمشێر"ی سەر بە ناوچەی هەورامان، ژنێک بە ناوی "خاوەر ڕەحمانی" توانیویەتی گرووپێکی ٨٠ کەسی لە ژنانی گوندەکەی پێکبهێنێت. ئەم چالاکییە کە ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە بەردەوامە، ژنانی لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە تا بەساڵاچووان لەخۆگرتووە، کە هەموو هەفتەیەک بە سەرپەرشتیی ناوبراو ڕوو لە شاخ و سروشتی ناوچەکە دەکەن.
لەبارەی پاشخانی سەرپەرشتیاری گرووپەکەوە، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە خاوەر ڕەحمانی خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بوارەکەدا و پێشتر سەرکەوتووەتە سەر لوتکەی شاخە بەرز و ناسراوەکانی ئێران، وەک دەماوەند، سەبەلان، سەهەند و ئەلوەند. لە ئێستاشدا بڕیاری داوە ئەو ئەزموونەی خۆی بۆ ژنانی گوندەکەی بگوازێتەوە.
چالاکییەکانی ئەم گرووپە تەنها لە چوارچێوەی وەرزش و پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیدا کورت نەبووەتەوە؛ بەڵکوو ئەندامەکانی وەک چالاکوانی بواری پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانیش مامەڵە دەکەن. لە کاتی گەشتەکانیاندا، پاشماوە و زبڵی فڕێدراوی نێو سروشتی هەورامان کۆدەکەنەوە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی ناوچەکەیان.
هاوکات، لە پێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پاراستنی خێزانەکانیان، ژنانی ئەم گرووپە بەشداری لەو کۆڕ و کارگانەدا دەکەن کە تایبەتمەندن بە ڕێگریکردن لە ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، بەمەش زانیاری و توانای پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە بەدەستدەهێنن.
لە ماوەی کارکردنیاندا، گرووپەکە توانیویانە بەسەر چەندین چیای ناوچەکەدا سەرکەون، لەوانە شاخەکانی شاهۆ، قەرەداغ و حاجی ئیبراهیم. جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر ئەم نەریتە هەفتانەیەیان، لە پێناو پاراستنی سروشتی کوردستان و بەرەوپێشبردنی ئاستی تەندروستیی کۆمەڵگەکەیان.