لەنێوان هەڕەشە و دیپلۆماسیدا؛ تڕەمپ هۆشداری بەکارهێنانی هێز دەدات و تارانیش پلانێکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشنیار دەکات
  2026-10-04     

لە ڕۆژی ١٠٩یەمینی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، و تێپەڕبوونی ٢١٨ ڕۆژ بەسەر سەرهەڵدانی ململانێ و جەنگی نێوان هەردوو لادا، پێشهاتەکان لەسەر چەندین بەرەی جیاواز بەردەوامن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، داوای ڕووبەڕووبوونەوەی "جەنگی ئابووری" سەر وڵاتەکەی دەکات.

ئاوێنە: لە نوێترین لێدواندا سەبارەت بە قەیرانەکە، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدایە بە خواست و ئارەزووی خۆی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، بەپێچەوانەوە ڕەنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بێت لە ڕێگەی هێزەوە ئەو کارە بکات.

​هێگسێس جەختی لەوەش کردەوە کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. لەلای خۆشیەوە، دۆناڵد تڕەمپ لە لێدوانێکدا هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئامانجەکانی لە ئێران دەپێکێت، جا چ "بە ڕێگەیەکی ئاسان بێت یان قورس".

لە بەرامبەردا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەندین خاڵی خستەڕوو کە تێیدا جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ هەردوو بژاردەی دیپلۆماسی و سەربازی.

​عەراقچی ڕایگەیاند: "ئێمە جددین لە دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی، بە هەمان شێوەش جددین لە بەرگریکردن لە خۆمان."

​سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە گەرووەکە لە ماوەی ٧ ڕۆژدا بە تەواوی دەکرێتەوە، بەو مەرجەی داواکارییەکانیان قبوڵ بکرێن و ڕێکارە "دوژمنکارییەکان" هەڵبوەشێندرێنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پلانێکی حەوت ڕۆژەیان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا پێشنیار کردووە.

​عەراقچی هۆشداریشیدا کە هەرچەندە بە تەواوی ئامادەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەگەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازی دووبارە ببێتەوە، ئەوا وەڵامێکی زۆر توندتر دەدەنەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە پێشوازی شاندە نێودەوڵەتییەکان لە هەڵوێست و پێشنیارەکانیان لە نیویۆرک، بەڵگەیە بۆ "شکستهێنانی پڕۆژەی ئەمریکی-ئیسرائیلی" بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران لە ڕووی سیاسییەوە.

​لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: "پەیامی ئێمە بۆ دوژمن ڕوونە، ئامادەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ وەڵامێکی وێرانکەرتر بۆ هەر پەلامارێکی سەربازی. هیوادارین ئەمریکا بە ڕێڕەوی دانایی و لۆژیکدا هەنگاو بنێت، بەڵام ئەگەر پەنا بۆ کاری سەربازی ببات، ئەوا ئێمە ئامادەین."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×