ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا ڕاگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندکار ڕوویان لە ناوەندەکانی خوێندن کردووە.
ئاوێنە: لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، حەیدەر فاروق، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردە، ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەی پەروەردە ئەمساڵ فراوانتر بووە و ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی وەرگیراون، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار خوێندکاری تێپەڕاندووە." هەروەها ڕوونیکردەوە کە پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری وڵاتدا لە ناو زیاتر لە ١٢٤ هەزار قوتابخانەدا بەڕێوەدەچێت.
لە لایەکی دیکەوە و پەیوەست بە پرۆسەی پەروەردە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە دەریدەخەن کە ڕێژەی بەشداربووان لە خوێندنی کوردی لەو ناوچانە لە گەشەکردنی بەردەوامدایە. لە ئێستادا، تەنیا لە سنوری هەریەک لە کەرکوک، دووزخورماتوو و شەنگال، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بە زمانی کوردی دەخوێنن گەیشتووەتە نزیکەی ١٢٥ هەزار خوێندکار، و ئامارەکانیش ساڵانە بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
پرۆسەی خوێندنی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان (کە ناوچەکانی کەرکوک، خانەقین، دووزخورماتوو و شەنگال دەگرێتەوە) لە دوای پرۆسەی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستیپێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە لە ڕووی کلتوری و کۆمەڵایەتییەوە وەک پێشهاتێکی گرنگ بۆ پاراستنی زمانی دایک و شوناسی نەتەوەیی لەو ناوچانە سەیر دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچوونانە، هێشتا کەرتی پەروەردەی کوردی لەو سنورانەدا بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی کارگێڕی و ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە.