فه‌ره‌نسا؛ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌كانی قوتابیاندا‌، زیاتر له‌ دو هه‌زار قوتابی ده‌ستگیركراون
  2026-10-02     

 له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌كانی قوتابیاندا له‌ فه‌ره‌نسا كه‌ توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌، زیاتر له‌ دو هه‌زار قوتابی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و وه‌زیری خوێندنی باڵای وڵاته‌كه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی قوتابیاندا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئاوێنه‌: فیلیپ باپتیست، وەزیری خوێندنی باڵای فەرەنسا ڕایگەیاند کە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌كان لەبارەی بارودۆخی قوتابخانەکانەوە، لە گفتوگۆکردن لەگەڵ نوێنەرانی قوتابییان بەردەوام دەبن.

ئه‌و وتی، ئه‌مڕۆ هەینی لەگەڵ نوێنه‌رانی خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە تاوەکو لەبارەی داواکارییەکانیانەوە، لەوانەش تەرخانکردنی سەرچاوەی دارایی زیاتر بۆ سیستەمی پەروەردە، گفتوگۆ بکات.

وه‌زیری خوێندنی باڵای فه‌ره‌نسا هاوكات ئەو توندوتیژییانەی ئیدانه‌ کرد کە لە هەندێک ناوچەدا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕویان داوە.

لە دوای ئەم ئاڵۆزییانە، ئەمڕۆ زیاتر لە 400 قوتابخانە لە سەرانسەری فەرەنسادا داخران و خوێندن له‌ 40 زانکۆش راگیراوه‌.

دوێنێ پێنجشەممە، پۆلیس لە کاتی داخستنی دەروازەی قوتابخانەکان لەلایەن قوتابییانەوە، 2 هه‌زار قوتابی دەستگیر کرد.

قوتابییانی فه‌ره‌نسا ناڕەزایەتییان بەرامبەر قه‌ره‌باڵغی زۆری ناو پۆلەکان و کۆنبونی كه‌ره‌سته‌ و کەلوپەلەکانی خوێندن دەربڕیوه‌. هاوکات لە کاتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لانیکەم دو قوتابخانە ئاگریان تێبەردرا.

خوێندكارانی زانكۆ وه‌كو پشتیوانی بۆ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی قوتابیانی قوتابخانه‌ ناوه‌ندی و دواناوه‌ندییه‌كان لە ڕێگەی مانگرتن، بایكۆتكردنی خوێندن و ڕاگرتنی وانەکانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×