گۆڕانكاری له‌ شوێنی بازگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ده‌كرێت
  2026-10-01     

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم رایگه‌یاند، گۆڕانكاری له‌ شوێنی بازگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ده‌كرێت.

ئاوێنه‌: سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم به‌ میدیای ره‌سمی یه‌كێتی وتوه‌، دوێنی چوارشەممە گۆڕانکاریی لە شوێنی ژمارەیەک بازگەی سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا، گۆڕانکارییەکان بەپێی پلانێکی ئەمنی بووە و هەمو سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، ئەو گۆڕانکارییانەی لە شوێنی ژمارەیەک لە بازگە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و بە تایبەت سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراوە دەرەنجامی پلانێکی ئەمنی تۆکمەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، گۆڕانکارییەکان لەلایەن لیژنەیەکی ئەمنی پسپۆڕەوە ئەنجامدراون و تەنها ئیدارەی گەرمیان ناگرێتەوە، بەڵكو سنوری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە.

 ئاشکراشیکرد: بڕیاردراوە بازگەی عەربەت بگوازرێتەوە بۆ ئەودیو شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بازگەی بانی مەقانیش دەبرێتە قەرەهەنجیر و گۆڕانکارییەکان بۆ پاراستنی زیاتری هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایشەکەیەتی، وتیشی: هۆکاری گۆڕانکارییەکان بۆ گۆڕانکاریی لە تۆپۆگرافیای شار و شارۆچکەکان و فراوانبوونی ژمارەیەک لە شەقامەکان دەگەڕێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×