سامانە سروشتییەکان دڵنیایی دەدات: چاکسازییەکانی دانەغاز قەیرانی غازی ماڵان دروست ناکات
  2026-10-01     

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕایگەیاند، ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە بڕیارە لەلایەن کۆمپانیای دانەغازەوە ئەنجام بدرێت، هیچ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی ناکاتە سەر دابینکردنی غازی ماڵان بۆ هاووڵاتییان و دابەشکردنی وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئاوێنە: ​لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی چاکسازییە ساڵانەکەی کۆمپانیای دانەغاز بۆ ماوەی یەک مانگی تەواو دەخایەنێت. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی پشکی پێداویستیی غازی خێزانەکان بەبێ هیچ گرفتێک و بەشێوەی ئاسایی بەردەوام دەبێت.

​سەبارەت بە گۆڕانکاری لە قەبارەی بەرهەمهێناندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داتای وردی خستووەتە ڕوو و ڕوونیکردووەتەوە؛ لە دۆخی ئاساییدا بڕی فەرمی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی غاز دەگاتە ٦٤٠ ملیۆن پێ سێجا، بەڵام لە ماوەی ئەو یەک مانگەی کە کارەکانی چاکسازی تێدا بەڕێوەدەچێت، قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ ٥٢٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا کەم دەبێتەوە.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە ئەو کەمبوونەوەیە لە بڕی بەرهەمهێناندا ڕێژەیەکی کەمە و بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە کاتییە بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی دروستبوونی قەیران یان کەمبوونەوەی غازی ماڵان لە بازاڕەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×