مارکۆ ڕوبیۆ داوایی لە عەباس عێراقچی و شاندی ئێران کردوە ئەمریکا بەجێبهێڵن
  2026-10-01     

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە نێردەی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە شاندی ئێرانی – بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەشەوە – ئاگادار بکەنەوە کە دەبێت دەستبەجێ نیویۆرک جێبهێڵن، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی ٨١ەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئاوێنە: ​بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری ئەم بڕیارە ئەوە بووە کە شاندە ئێرانییەکە ماوەی ڕێگەپێدراوی مانەوەیان تێپەڕاندووە و کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە. ماڵپەڕەکە ئەم هەنگاوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وەک نیشانەیەک بۆ "بێمتمانەیی قووڵی نێوان هەردوو وڵات" وەسف کردووە. لە هەمان کاتدا، تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە کە بڕیارەکەی ڕوبیۆ دوای گفتوگۆیەکی تەکنیکیی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات هاتووە، و داوا لە شاندەکەی تاران کراوە ڕۆژێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان ئەمریکا جێبهێڵن.

لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان زانیارییەکانی تایبەت بە دەرکردنی شاندەکەیان ڕەتکردەوە. نێردەکە ڕایگەیاند کە شاندی دیپلۆماسیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێک بەپێی ئەو خشتە کاتییەی بۆیان دانرابوو نیویۆرکیان جێهێشتووە، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکانیاندا ڕوویدابێت. سەرچاوەیەکی دیکەش بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە بڕیار بوو عێراقچی هەر لەو ئێوارەیەدا بگەڕێتەوە بۆ تاران.

پێشهاتە دیپلۆماسییەکانی نیویۆرک هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستنی هەوڵەکانی دیالۆگ. بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، کۆشکی سپی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ئومێدێکی هەبوو بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا، بەڵام تا ئێوارەی هەمان ڕۆژ دەرکەوت کە پرۆسەکە گەیشتووەتە بنبەست، چونکە هیچ کام لە لایەنەکان ئامادە نەبوون سازش لەسەر هەڵوێستەکانیان بکەن.

​سەرباری ئەمەش، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەوحە بەردەوامن. سەرچاوە هەرێمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نێوەندگیرە قەتەرییەکان هێشتا لەسەر هێڵی پەیوەندین لەگەڵ هەردوو لا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی مامناوەند.

​لەو چوارچێوەیەدا، فاتیمە موهاجەرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند کە عەباس عێراقچی وەڵامی ئەمریکای سەبارەت بە پێشنیازێکی قەتەر پێگەیشتووە، کە تایبەتە بە قۆناغێکی متمانەسازیی بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ. موهاجەرانی ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەی حکومەتدا لە تاران، تەواوی وردەکارییەکانی ئەم پێشنیازەی خستووەتە بەردەم مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران.

​هەر لەسەر ئەم پرسە، ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە، و قۆناغی ئێستای پرۆسەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان لە نێوان هەردوو لایەندا بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن. 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×