بە مەرجی قورس و کاتی؛ ئەمریکا ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەدات
  2026-09-29     

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر پێدانی مۆڵەتێکی کاتی بە هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی لە نێوان عێراق و ئێراندا. بڕیارەکە چەندین کۆتوبەند و مەرجی توندی ئەمنی و کارگێڕیی لەخۆگرتووە کە دەبێت عێراق بە تەواوی پابەندیان بێت.

ئاوێنە: ​بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتەکە تەنها بۆ ماوەی یەک مانگ کارایە و لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت. هاوکات واشنتن مافی ئەوەی بۆ خۆی پاراستووە کە لە هەر کاتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان هەموار بکاتەوە.

​مەرجەکانی ئەنجامدانی گەشتەکان:

لە بڕیارەکەدا بەڕوونی دیاری کراوە کە گەشتەکان تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە ئەنجام بدرێن و تایبەت بن بە گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی بۆ مەبەستی سەردانی ئایینی، و هیچ دەروازەیەکی دیکەی ئاسمانیی عێراق ناگرێتەوە.

​قەدەغەکراوەکان:

ئەمریکا لیستێکی توندی لە قەدەغەکراوەکان بۆ ئەم گەشتانە دیاری کردووە، کە بریتین لە:

​قەدەغەکردنی گواستنەوەی پارەی کاش بە بڕی زۆر (بە کۆمەڵ).

​ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەر جۆرە بارهەڵگرێکی تایبەت بە دەزگاکانی هەواڵگری، سوپا، یان دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسای سەر بە ئێران.

​ڕێگەپێنەدان بە گەشتکردنی هەر کەسێک کە ناوی لە لیستی سزاکاندایە، لەوانەش بەرپرسانی حکومەتی ئێران یان ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران.

​قەدەغەکردنی هەناردەکردن یان دووبارە هەناردەکردنەوەی هەر جۆرە کاڵا و تەکنۆلۆژیایەک بۆ ئێران.

​ئەو شتانەی ڕێگەپێدراون تەنها جانتا و کەلوپەلی کەسیی گەشتیاران و ئەو پێداویستییانە دەگرێتەوە کە بۆ سەلامەتیی فڕینەکە پێویستن.

​چاودێری و لێپرسینەوەی ورد:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مەرجی ئەوەی بەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقیدا سەپاندووە کە دەبێت بۆ ماوەی ١٠ ساڵ سەرجەم تۆمارەکانی پەیوەست بەم گەشتانە بپارێزێت. هەروەها، لە دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکە، عێراق تەنها ١٠ ڕۆژی کاری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێکی گشتگیر پێشکەش بە ئەمریکا بکات کە تێیدا کۆی ژمارەی سەرنشینەکان، ناوەکانیان، و ژمارەی پاسپۆرتەکانیان بخرێتە ڕوو.

​لەلایەکی دیکەوە، هێشتنەوەی ئەم مۆڵەتە گرێدراوە بەوەی کە عێراق پابەند بێت بە بەڵێنەکانی سەبارەت بە ڕێگریکردن لە فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ چوونە ناو ئاسمانی عێراق یان بەزاندنی.

​باکگراوندی پێشهاتەکە:

دەرکردنی ئەم بڕیارە و مەرجە توندەکانی لە کاتێکدایە کە، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای قورسی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند و هۆشداریی دایە وڵاتانی جیهان کە خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان نەدەن. لە بەرامبەر ئەم گەمارۆ نێودەوڵەتییانەشدا، ئێران بۆ یەکەمجار بە فەرمی هەڕەشەی پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکەی کرد، کە ئەمەش هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە کە پێشتر لە کاتی قەیرانەکاندا دەیگرتەبەر لە ڕێگەی داخستنی گەرووی هورمزەوە.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت دا
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×