چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق: فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف له‌ سزاكانی ئه‌مریكا ببه‌خشرێت
  2026-09-28     

چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ داواكاریی حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی به‌خشینی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی ئێران ده‌ربڕی.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، فالح زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیران و نزار ئامێدی، سه‌رۆك كۆمار و هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فایه‌ق زه‌یدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبونه‌ته‌وه‌و تاوتوێی چه‌ند پرسێكیان كردوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتەکانی ڕوداوەکانی ناوچەکە کرا، هەروەها کۆبونەوەکە جەختیكرده‌وه‌ لەسەر گرنگیی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا له‌گه‌ڵ بەردەوامی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکانی هاوڵاتییان، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە باشترکردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەکان، و بڕوا بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر بکات."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کورتەیەکی پێشکەش کرد دەربارەی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان."

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "كۆبونەوەکە هەروەها تاوتوێی ئامادەکارییە بەردەوامەکانی کرد بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی سەروەرییەوە، وەک بۆنەیەکی نیشتمانی کە تەواوبونی ڕێڕەوی سەروەریی عێراق و چەسپاندنی ئامادەیی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەسەلمێنێت و جەخت کرایەوە کە قۆناغی داهاتو شایەتی گواستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبێت بۆ ڕێڕەوی بەربڵاوتری هاریکاریی ئابوری، بازرگانی و کلتوری، و پته‌وكردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەکان بکات».

کۆبونەوەکە، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، جەختی کردەوە لەسەر "پشتیوانیکردنی داواکاریی حکومەتی عێراق بۆ بەخشینی فرۆکەخانەی نەجەف لە ڕێکارەکانی گەنجینەی ئەمریکا"، هەروەها بەشداربوان جەختیان کردەوە لەسەر "؟گرنگیی تەواوکردنی کابینەی وەزاری، بە جۆرێک کە کاری حکومی بەهێز بکات و ئاستی كارایی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەرز بکاتەوە و حکومەت توانادار بکات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی بەپێی ئەولەوییەتەکانی و وەڵامدانەوەی کاریگەرانەتر بۆ داواکارییەکانی هاوڵاتییان و ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتو."

بەشداربوان جەختیان کردەوە کە "بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتدایە و چەک لە چوارچێوەی دامەزراوە دەستوری و یاساییەکاندا ده‌بێت، لەگەڵ چارەسەرکردنی بابەتی بونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەپێی چوارچێوە دەستوری و یاساییەکان و بە شێوازێک کە لەگەڵ خشتەی کاتیی دانراو لەلایەن حکومەتەوە بگونجێت، بە جۆرێک کە سەروەریی دەوڵەت بەهێز بکات و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت و یەکپارچەییی بڕیاری نیشتمانی زامن بکات لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و مەترسییەکاندا."

له‌ڕوی یاسادانانیشه‌وه‌ بەشداربوان جەختیان کردەوە لەسەر "گرنگیی بەهێزکردنی کاری ئەنجومەنی نوێنەران و پەلەکردن لە ئەنجامدان و پەسەندکردنی یاسا له‌پێشینه‌كان، بەتایبەتی په‌یوه‌ستن به‌ ژیان و پێداویستییەکانی هاوڵاتییانه‌وه‌، سەرباری چالاککردنی ڕۆڵی چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت، و بنەماکانی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە بچەسپێنێت."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ڕێکارەکانی حکومەت و هەوڵەکانی دادوەری لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی ئیداری و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچیی یاسا بکات."

راگەیەندراوەکە ئه‌وه‌شی تێدا تاوه‌ "كۆبونەوەکە تاوتوێی باری ئابوریی کرد لە سایەی ئەو گرژییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت و ڕەنگدانەوەیان لەسەر وڵات، لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی دەکرێت ڕوبەڕوی ئابوریی نیشتمانی ببنەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری ڕێکار و هەنگاوی زامندار بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ئاستەنگانە، و بەهێزکردنی توانای ئابوریی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا."

سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، کۆبونەوەکە دیسانەوە "پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەربڕییەوە کە داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و كه‌مكردنه‌وه‌ی قەیرانەکان دەکات، لەگەڵ لەپێشخستنی زمانی دیالۆگ و دیپلۆماسی و گرتنەبەری ڕێگە ئاشتییانەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێكان لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە هێنانەدیی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، و گەلانی لە لێکەوتە و قەیرانی زیاتر بەدور بگرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×