نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە کوژرانی کۆڵبەرانی کورد دەکات
  2026-09-24     

​لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، چوار نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کۆڵبەرانی کورد و کاسبکارانی بەلووچ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەربڕی. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی ئێران قەرەبووی زیانەکان بۆ خێزانی قوربانییان دابین بکات و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر سەرجەم حاڵەتەکانی کوشتنی ئەو کەسانە ئەنجام بدات.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن نێردە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٢ کۆڵبەری کورد و ١٣ کاسبکاری سووتەمەنیی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارەیەک لەو کەسانە لە کاتی بەئامانجگرتنیاندا هیچ جۆرە کاڵایەکیان پێنەبووە.

​نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران هیچ ئامارێک لەسەر ئەم بابەتە بڵاو ناکەنەوە، بەهۆیەوە ئەرکی تۆمارکردن و بەبەڵگەکردنی ئەم ڕووداوانە کەوتووەتە سەر شانی خێزانی قوربانییان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. هاوکات داوا کراوە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، وەڵامدانەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، هەروەها مافی ئەوە بەو هاووڵاتییانە بدرێت کە بژێوییەکی سەلامەتیان هەبێت بەبێ ئەوەی مەترسی بۆ سەر گیانیان دروست ببێت.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە بارودۆخی سەختی ئەم چینە کراوە و هاتووە: "کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بەلووچ لە ڕیزی پەراوێزخراوترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێراندان. ئەم کەسانە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن ڕوو لە گواستنەوەی کاڵا و سووتەمەنی بکەن لە ناوچە سنوورییەکان، کە باجی ئەم هەژارییەش بە گیانی خۆیان دەدەن."

​ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییانەی واژۆیان لەسەر ئەم ڕاگەیەندراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بریتین لە: مای ساتۆ (نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران)، مووریس تیدباڵ-بینز (نێردەی تایبەت بۆ پرسی لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا و نایاسایی)، ئێلێنا کارۆلینا دیاز گێلان (نێردەی تایبەت بۆ پرسی هەژاریی سەخت و مافەکانی مرۆڤ)، لەگەڵ نیکۆلا لۆرات (نێردەی تایبەت بۆ کاروباری کەمینەکان).

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×