2019-11-18   2131     
فۆتۆ: مامۆستا فایەق حەمەساڵح
شیعری: هێمن ئەحمەد
من ئەو دارە سەختەم
لەبەردەم ماڵی ڕەشەبا ڕوام و
لە وەرزی شەختەو کڕێوە
سەرم لەخاک دەرھێناوە
من ئەو دارە سەختەم
چەندساڵ جارێک
بەتاوانی زیندوبونم
دیسانەوە ژێرخاک دەکرێم
بەتاوانی چواروەرزە سەوز بونم
بە پەلو پۆکانی خۆمەوە
ھەڵدەواسرێم،ھەڵدەواسرێم
من ئەو دارە سەختەم
بە بیانوی وشکە ساڵی و بێبارانی
زەمەنێکە تێرئاو ناکرێم
من ئەو دارە سەختەم
لەوکاتەوەی گڕیان لە لاشەم بەرداوە
لەناخەوە ھەر دەگڕێم،ھەر دەگڕێم
من ئەو دارە سەختەم
لەجیاتی چەند گەڵای سوتاوم
لەجیاتی ھەر لق و چڵێکی شکاوم
ھەزاران چڵ و گەڵا و
گوڵی نوێ دەردەکەم
دە بمناسن ، من ناسنامەی
دوسەدو سیوپێنج ساڵەی
نەوەی بابانم و
سلێمانیم ، سلێمانیم