بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پزیشكیان: هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌
  2026-09-16     

بافڵ تاڵەبانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێراندا جەختی لە بەهێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتیی نێوان هەردولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەمواندایە و هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

ئاوێنه‌: نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران کۆبونه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لە کۆبونەوەکەدا کە وەفدی باڵای یەکێتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە مێژویی و کولتورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە بەهێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتیی نێوان هەردولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەمواندایە و هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە نائارامی زیان بە ئاسایش و ژیانی هاوڵاتییان دەگەیەنێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ "لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی رۆڵی ئەرێنی و کارای بافڵ جه‌لال تاڵەبانی کرد لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندا" و وتی، "لەگەڵ ئێوەدا هاوسنورین و لامان گرنگە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و رێزگرتنی هاوبەش پەرەیان پێبدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×