ئاسایشی نیشتمانیی: دوو هەزار و ٧٠٠ پەیجی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانمان داخستووە
  2026-09-16     

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماری کاروچالاکییەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، هەزاران پەیجی سۆشیاڵ میدیا داخراون و سەدان هێرشی سایبەریکردنە سەر ماڵپەڕە حکومییەکان لە عێراق پووچەڵ کراونەتەوە.

ئاوێنە: ​لەم بارەیەوە، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە دۆسیە سەرەکییەکان و لەپێشینەکانیان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وتارانەیە کە ڕقوکینە بڵاودەکەنەوە و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە ئەم جۆرە وتارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونیان هەیە و بەتایبەتی لە کاتی بۆنە ئایینییەکاندا زیاتر چالاک دەبن.

​سەبارەت بە قەبارەی سەرپێچییەکان، وتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی باسی لەوە کرد کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چاودێریی نزیکەی پێنج هەزار پەیج کراوە. ئەم پەیجانە تۆمەتبارن بە بڵاوکردنەوەی وتاری ڕقوکینە و توندوتیژی، بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، و هەروەها پڕوپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی قەدەغەکراو. هاوکات، بەشێک لەو پەیجانە تێوەگلاون لە پرۆسەی هەڕەشەکردن و فێڵبازیی ئەلیکترۆنی، کە لە کۆتاییدا هەموویان مەترسی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.

​بۆ ڕێگریکردن لەم سەرپێچییانە، دەزگاکە زنجیرەیەک ڕێکاری تەکنیکی و یاسایی گرتووەتەبەر، کە بە هۆیانەوە توانراوە نزیکەی ٢٧٠٠ پەیج بەتەواوی دابخرێن. پرۆسەی داخستنەکە بە چەند هەنگاوێکی یەک لەدوای یەک ئەنجام دراوە، کە پێکهاتوون لە:

​چاودێریکردن و بەدواداچوون.

​ئەنجامدانی هەوڵی تەکنیکی بۆ ئاشکراکردنی خاوەندارێتیی پەیجەکان.

​وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری.

​بلۆککردنی پەیجەکان و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی نیشتمانی بۆ مەبەستی چارەسەرکردنیان.

​ئەرشەد حاکم جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان خاڵی پەیوەندیی نیشتمانی، کۆمپانیا جیهانییەکان، دادوەریی دەزگاکە لە بەغدا و دادوەرەکانی پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ کراون.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد کە تیمەکانیان لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا سەرکەوتوو بوون لە ڕێگریکردن و پووچەڵکردنەوەی ٧٥٠ هێرشی ئەلیکترۆنیی سایبەری، کە ئامانجیان هێرشکردنە سەر ماڵپەڕە حکومییەکانی عێراق بووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×