ستیڤ فه‌یگن بۆ بارزانی: پشتیوانی له‌ عێراقێك ده‌كه‌ین كه‌ میلیشیاكان چه‌كدار نه‌بن
  2026-09-14     

ستیڤ فه‌یگن، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ عێراقێك ده‌كات كه‌ میلیشیاكان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت، چه‌كدار نه‌بن.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ دوشەممە لە پیرمام مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە دیدارەکەدا ستیڤ فەیگن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە جارێکی دیکە بۆ ئەرکێکی تازە گەڕاوەتەوە عێراق و سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هیوای خواست کە بتوانێت زیاتر بەردەوام بێت.

فه‌یگن جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمەریکا پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئابوری پارێزراوبێت" و جەختیشی لە "هەماهەنگی لایەنەکان کردەوە لەپێناو پاراستنی پڕۆسەی سەروەریی عێراق و  زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، جەختیشی کردەوە کە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر هەمو لایەک و عێراق هاوتەریب لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی باش ببینن.

ستیڤ فه‌یگن وتیشی، "ئەمەریکا پاڵپشتی لە عێراقێک دەکات کە هێزە میلیشیاییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی حکومەتەوە چەکدار نەبن بۆ ئەوەی دەرفەتی سەقامگیری سیاسی و ئابوری لێبکەوێتەوە."

لای خۆیشییه‌وه‌ سه‌رۆكی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی دەبێت و ئاماژەشی بەوەدا بۆ سەرکەوتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەر بابەتێک لە چوارچێوەی سەقامگیری و دەستوری عێراق و ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆربێت، ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین و هەروەها لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیش پاڵپشتیی سەرۆک وەزیرانی عێراقمان کردوە و سورین لەسەر بەردەوامی ئەم کارە هاوبەشانە.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە مه‌سعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە "هەمیشە ئاشتی لەشەڕ باشترە و دانوستاندن لە پێکدادان باشترە و لێکتێگەیشتن لە ناکۆکی و گرژی باشترە، بۆیە هەمیشە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و بەشێک نەبوە لەو کێشانەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا هەن."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×