سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
  2026-09-11     

سیپان حەمۆ، جێگری وه‌زیری به‌رگریی سوریا رایده‌گه‌یه‌نێت، ژمارەیەك له‌تێوەگلاوان لە كوشتنی شەڕڤانەكەی حەسەكە دەستگیركراون و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تەواوی تاوانباران.

ئاوێنه‌: سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ كاروباری رۆژهەڵات له‌ په‌یامێكدا له‌ سه‌كۆی ئێكس سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخموس حەسۆ) دەکات و دەڵێت، لە ئەنجامی تاوانێکی دڕندانەو خەیانەتکارانە شەهید بوە، كە شەڕڤان بوو لە لیوای حەسەکە و ساڵانێك خزمەتى كردوە لە پێناو بەرگریکردن لە ئاسایشی ناوچەکەو خەڵکەکەیدا.

سیپان حەمۆ وتوشیه‌تی، سەركۆنەی هەر وتارێکی دنەدانی میدیایی دەکەم کە داوای توندوتیژی و کوشتن دەکات، داوا لە رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەم کە ئارامگربن و خۆڕاگربن و بەدوای هەوڵەکانی فیتنەگێڕیدا نەکەون.

جەختیشی كردۆته‌وه‌، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستپێشخەرییان کردوە له‌ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تێوەگلاوان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تا دەستگیرکردنی تەواوی تاوانباران، بۆ ئەوەی رادەستی دادگا بکرێن و بەپێی یاسا بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن کە لەگەڵ دڕندەیی تاوانە ئەنجامدراوەکەدا بگونجێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×