هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
  2026-09-10     

هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوه‌وه‌و دڵنیاییدا کە پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبن.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، ئێوارەی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم پێشوازى لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کردوه‌ بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێداوه‌، "هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها هاوبۆچون بون لەسەر پەرەپێدانیی زیاتری هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتیی دۆخی ئەمنی و ئابوری ئێستای عێراق."

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "هەردولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و خزمەتکردنی گشت هاوڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کورستان لەسەر بنەمای دەستورو ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستوری هەرێم."

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ "لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کرا . لەمبارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دڵنیاییدا کە بودجەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبن."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×