وەزارەتی پەروەردە ۲٠ی ئەم مانگەی وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ڕاگەیاند
  2026-09-10     

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی (۲٠۲٦-۲٠۲۷)ی پەسەند کرد و ڕۆژی یەکشەممە، ۲٠ی ئەیلوولی ۲٠۲٦ی وەک دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی فێرکردن دیاریکرد.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەنجومەنی وەزارەت بە فەرمی ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی نوێ پەسەند کردووە و لە ۲٠ی ئەم مانگەدا دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی فێرخوازاندا دەکرێنەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی ئامادەکارییە کارگێڕییەکان لە ڕۆژی سێشەممە، ۱ی ئەیلوولی ۲٠۲٦، بە دەستبەکاربوون و دەوامی فەرمیی مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندندا دەستیپێکردبوو.

​هاوکات لەبارەی قۆناغەکانی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وردەکاریی ڕێکارەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەمساڵ چاپکردنی نزیکەی ۲٠ ملیۆن کتێبی نوێ بووە. بە وتەی ناوبراو، تا ئێستا ۹٠٪ی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بە مەرجی دروستنەبوونی هیچ ئاستەنگێک، گەیشتنی کتێبەکان بگاتە ۹۹٪.

​وەزیری پەروەردە باسی لە دابینکردنی کەلوپەل و نۆژەنکردنەوەی بنکەکانی خوێندن کرد و ڕایگەیاند، ۲٦٤ کۆنتێنەری کەلوپەل ڕەوانەی پەروەردەی شارۆچکەکان کراون، هاوکات پڕۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان بەردەوامیی هەیە.

​سەبارەت بە ژێرخانی پەروەردەیی و باڵەخانە نوێیەکان، وەزیری پەروەردە ڕوونی کردەوە کە ۳۲ باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵی خوێندن ئامادە کراون و بەپێی پێداویستی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراون، بە جۆرێک: هه‌شت باڵەخانە لە سلێمانی، شەش بۆ هەشت لە هەولێر، هەشت لە دهۆک، دوو لە گەرمیان، دوو لە زاخۆ و یەک باڵەخانە لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەکەونە خزمەت پڕۆسەکەوە.

​لە تەوەرێکی دیکەی ئامادەکارییەکاندا و پەیوەست بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی سەرما، ئالان حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە کە نووسراوی فەرمییان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بە مەبەستی دابینکردنی نەوت، هەروەها ڕەزامەندیی پێویستیش وەرگیراوە بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی دیکەی ئەو باڵەخانە نوێیانەی کە خراونەتە خزمەت کەرتی پەروەردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×