مامۆستایانی گرێبەست بۆ فراکسیۆنە کوردییەکان: دەنگدان بە بودجەی ٢٠٢٧ مەرجدار بکەن بە دامەزراندنمان
  2026-09-10     

مامۆستایانی گرێبەست لە شاری سلێمانی هاوشێوەی چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ساز کرد و داوای بەهەمیشەییکردنی پێگەی کارگێڕیی خۆیان کرد. هاوکات داوایان لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کرد، پرسی دامەزراندنیان وەک پێشمەرجێک بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧ دابنێن.

ئاوێنە: ​لە گردبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەڕێوەچوو، مامۆستایانی گرێبەست کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا و یاداشتێکی چەند خاڵییان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

​محەمەد میرانی، مامۆستای گرێبەست، بە نوێنەرایەتیی هاوپیشەکانی یاداشتەکەی خوێندەوە و تێیدا ڕایگەیاند: «هێشتا برینی ئەو نادادییەی بەرامبەر بە سەرەکیترین چینی ڕاپەڕێنەری کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا هەیە ساڕێژ نەکراوە، و هەتا ئێستا وەک توێژێکی نامۆ و بێ ماف لە سەرەتاییترین مافەکانمان بێبەش کراوین، کە ئەویش مافی دامەزراندنە بەشێوەی هەمیشەیی.»

​لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئاماژە بە بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و هاتبوو: «تەواوی کابینەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، ئەخلاقی و یاساییەوە؛ بەوپێیەی لە ئێستادا وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەرگای ڕێککەوتنی کردووەتەوە، پێویستە پرسی بەهەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست بخرێتە پێشینەی کارنامە و بکرێتە هێڵی سووری دانوستانەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.»

​یاداشتەکە جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بە کردار بێنە دەنگ و لە دانوستانەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا دەنگدان بە پڕۆژەکە بەستنەوە بە پەسەندکردنی مافی دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ ئەم توێژە.

​هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەکەی سلێمانی، لە سنووری شار و شارۆچکەکانی هەڵەبجە، پشدەر، کفری و چەندین دەڤەری دیکە، مامۆستایانی گرێبەست بە هەمان داواکاری هاتنە سەر شەقام و داوایان کرد مافەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ی عێراقدا جێگیر بکرێت و بە هەمیشەیی دابمەزرێن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×