حکومەتی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا و دابینکردنی پێداویستییە جەنگییەکان دژی هێرشەکانی روسیا، هاوکارییەکی نوێی سەربازیی بە بڕی ١٠٠ ملیۆن پاوەند بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "ئەم پاکێجە نوێیەی هاوکارییەکان چەندین جۆر چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، لەوانە مووشەکی سیستەمی "پاتریۆت"، مووشەکی بەرگریکار، گولـلە تۆپی قەبارە گەورە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
بەپێی بەیاننامەکە، بەریتانیا بڕیاریشداوە لە مانگەکانی داهاتوودا، دەیان هەزار گوللـە تۆپی دوورهاوێژ رادەستی کیێڤ بکات، هاوکات ئەم هاوکارییانە لەچوارچێوەی بەرنامەی "PURL" دایە، کە تێیدا هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا تێچووی کڕینی کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکی بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین دەکەن".
جگە لەوەش، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا باسی لەوەشکردووە، لەندەن پابەندە بەوەی لەمساڵدا ١٢٠ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رادەستی ئۆکرانیا بکات. تائێستاش ٢٥ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆرەکانی هێرشبەر، سیخوڕی و بەرگریکار رادەست کراون و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە.
لە بەرامبەردا، رووسیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند "ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەبێتە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی و وڵاتانی ناتۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگلێنێتە ناو ململانێکانەوە. هەروەها کرێملنیش پێشتر هۆشداریی دابوو کە پڕچەککردنی ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە "یاریکردنە بە ئاگر" و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆسەی دانوستانەکان دەبێت.