هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
  2026-09-05     

ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ رایانگه‌یاند، قبوڵكردنی ئه‌ندامێتی دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید له‌ ده‌سته‌ی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، سه‌رپێچییه‌كی ئاشكرای یاسای كۆمسیۆنه‌ و به‌بڕیاری دادگا شه‌رعیه‌ت له‌ناوبراو وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

ئاوێنه‌: ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگه‌یاند، ئەو دەستەیەی ئێستا ناوی گۆڕانی "کوردسات"یان لەخۆ ناوە، کاتێک نەیانتوانی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەدەستبهێنن، پەنایان بردەبەر رێکارێکی نایاسایی، ئەویش بەکارهێنانی وەکالەتێکی بەتاڵ بو بۆ سپاردنی دەسەڵاتەکانی رێکخەری گشتی، کە ئەوەش بوەتە سەرچاوەی کێشە ناوخۆییەکان.

بەپێی وتەی هەڵسوڕاوانی گردی زەرگەتە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بە بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2026 لە بەرواری 23/4/2026، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکارەکانی کۆمسیۆنی دەرکردوە.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، بنەما یاساییەکانی بڕیارەکەش بەم جۆرە روونکراونەتەوە: بەپێی ماددەی 946 لە یاسای مەدەنی عێراق (ژمارە 40ی ساڵی 1951)، بریکارنامە (وەکالەت) بە کۆچی دوایی بریکاردەر لە بەرواری 19/5/2017 کۆتایی هاتووە، بۆیە هەر رێکارێک دوای ئەو بەروارە کرابێت، لە رووی یاساییەوە بەتاڵە.

ئه‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ی گۆڕان جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ قبوڵکردنی ئەندامییەتی دانا ئەحمەد مەجید، سەرپێچییەکی ئاشکرای ماددەکانی 19 و 20ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (یاسای 31ی ساڵی 2019) و ماددەی 8ی رێنماییەکانی یاسای پارتە سیاسییەکانە.

هەڵسوڕاوانی گردی زەرگەتە دەسەڵاتدارانی هەرێمیشیان تۆمەتباركرد به‌وه‌ی لە رێگەی دەستوەردانی سیاسییەوە لە ناو کۆمسیۆن، هەوڵیان داوە بڕیارێکی دیکە بە پێچەوانەی یاسا و دژ بە بڕیاری دادگا دەربکەن بۆ شەرعییەت دان بەو ئەندامییەتییە.

لە کۆتاییدا جه‌ختیان كرده‌وه‌ "بە فەرمی تانەی یاساییمان لەم بڕیارە نوێیەی کۆمسیۆن داوە و دڵنیایین وەک رابردو لە رێگەی یاساوە پوچەڵی دەکەینەوە. خەونی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا لەگۆڕ بنێن، خەونێکی نەزۆکە و ئیرادەی دڵسۆزان بەزیندویی دەمێنێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×