هۆشداریی توندی نەتانیاهۆ بە سووریا؛ ڕێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا هێڵی سوورە
  2026-08-19     

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پێشتر لەگەڵ سووریا لەسەر هێشتنەوەی دۆخی ئەمنیی نێوانیان وەک خۆی ڕێککەوتنیان هەبووە، بەڵام دیمەشق بە ڕێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک پارێزگای حەلەب، لە لێواری پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا بووە.

ئاوێنە: ​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، تەلئەڤیڤ چەندین جار هۆشداری دابووە سووریا کە جێگیربوونی سوپای تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتەدا وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەبینرێت، بەڵام لایەنی سووری ئەو هۆشدارییانەی پشتگوێ خستووە. هاوکات جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی قبووڵ ناکات و لە هەمان کاتدا پێشوازی لە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووی ڕێککەوتنەکە دەکات.

​لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە و ڕایگەیاند، وتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ بانگەشەی بێ بنەمان و ئامانج لێیان پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشە ئاسمانییە نایاساییەکانی ئیسرائیل کە سەروەریی خاکی سووریایان کردووەتە ئامانج. سەرۆکایەتیی تورکیا جەختیشی لەسەر پشتیوانیی ئەنقەرە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کردەوە.

​هەروەها لە بەیاننامەکەی ئەنقەرەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا بە ئامانجی پتەوکردنی ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، و ڕێگە بە دروستبوونی هیچ ناسەقامگیرییەک لە سووریادا نادات.

​ئەم گرژییە دیپلۆماسی و لێدوانە توندانە دوای ئەوە هات کە شاندێکی سەربازیی تورکیا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە سەردانی فڕۆکەخانەی سەربازیی «ئەبوو زوهوور»یان کرد، و دەستبەجێ دوای سەردانەکە فڕۆکەخانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×