ڕۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگریی لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ خستووەتە بەردەست واشنتۆن.
ئاوێنە: ئەم رۆژنامەیە بڵاویکردووەتەوە، دەزگای نهێنیی ئەمریکا لە کاردانەوە بەرامبەر بەم هەڕەشەیە، مانگی ڕابردوو لەکاتی بەجێهێشتنی تورکیا لەلایەن ترەمپەوە، بە نهێنی ناوبراوی لە فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئەیر فۆرس وەن" هێناوەتە خوارەوە و لە ڕێگەی بارهەڵگرێکی گواستنەوەی خواردنەوە، گواستوویانەتەوە بۆ ناو فڕۆکەیەکی سەربازی.
هاوکات زانیارییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی ئێران پلانی هەبووە فڕۆکەکەی ترەمپ بە مووشەکی شان - پەرتاب (موشەکێک کە لەسەر شان دادەنرێت) بکاتە ئامانج.
سەرەڕای بوونی ئەم هەڕەشەیە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ، لەنێویاندا مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ناو فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەن-دا ماونەتەوە.