
ئاسۆ یاسین
نیشتمان ئەکەم بە حەوت جانتاو ئەیدەم بەکۆڵمدا.
سەریشم ھەڵدەگرم لە نێو حەوتەم جانتادا.
یادگارێکانم گڵۆڵ دەکەمەوە
وەک کڵافی گۆی زەوی.
لە دۆڵی خەرندا غلۆلی دەکەمەوە .
تا دەگاتە تەمەنی منداڵیم.
نیشتمان دەکەمە خانوە کۆنە ١٢٥ مەترێکەم دەیفرۆشم و
نەفرەت لەکۆڵی خۆمی دەکەمەوە
ئای نیشتیمان چەندە دووڕووی
جاران گیڤاراو ئێستا کیم کارداشیان.
ئێستا کونجی زیندان و جاران ئاشیان.
جاران ئەسپێکی رەش و پڕ حیلە
نەمزانی جگە لەسوزانیەک ھیچ تر نیت نیشتیمان
شەوێک لەباوەشی قەرداشە و شەوێک لەباوەشی عەمی خەڵەف
شەوێکیش لەباوەشی شا ئیسماعیلە
نیشتیمان تۆ ھەموو شتێک بووی
تەنھا دایک و باوک نەبێ
ھەموو شتێک بووی
تەنھا حەیران و لاوک نەبێ
ئای نیشتیمان چەند خۆویستی
تۆ نازانی و نەتزانی و نەتزانی چەندینبار
ھەناسەم ھەڵکێشا خەڵۆز ئاسا
پڕ لەژیلەمۆ
کەچی تۆش ساردو سڕو
بێ ھەست و دەستەمۆ
پەنجاو سێ ساڵ رەنجو کۆشش و قوربانی من
کەچی جارێک نەبوو تۆ سارێژ بکەی دەردو ژانی من
پەنجاو سێ بەھار لەچاوەڕوانی گوڵ خونچەیەک
کەچی ھەر نەیکردو نەیکرد چرۆ
نازانم نیشتیمان چۆن توانیت خۆت جوان بکەی ئەوھا بەدرۆ
ئای نیشتیمان چەند بێ بەزەیت
گەر شنەی شەماڵ بایت
یان سروەی بەیان
بۆ من شێتم وا بەجێت بھێڵم.
نەتکەم بە سمبولی سەر سینەم
یا بینایی دیدەم و سۆمای چاوم
لەناو دڵمدا تا ھەمیشە نەتھێڵم
ئای نیشتیمان گەر سێبەرە دارێک.
یان سەکۆی سەر ڕێگاێەک.. بایت
بۆ منی ھەردەم رێبوار
دڵم ئەھات کۆچ و رەو بکەم
گەر سپێدەیەکی پڕ ھیواو پرشنگدار بایت
چۆن دڵم ئەھات لەدەستی تۆ ڕەوبکەم
ئای نیشتیمان گەر چی سۆزانیت و خۆویستی
گەرچی دوورویت و بێ بەزەیت و
منت ناوێت
چی بکەم منی داماوو سەرلێشێواو
کەرکەر ھەمیشە خۆشم ئەوێیت