جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە ڕێگە دەدات زۆرترین بڕی گونجاوی نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، بەڵام جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی ئێران ئەم بەڵێنە لە کرداردا نەسەلمێنێت، واشنتۆن متمانەی پێ ناکات.
ئاوێنە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە وەرگرتنی باج (سەرانە) بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند: "هەندێک کەس لە ناو حکومەتی ئێراندا باس لە وەرگرتنی سەرانە دەکەن. ئێرانییەکان پێیان وتووین کە هیچ پلانێکیان نییە بۆ وەرگرتنی باج لە هاتوچۆی ناو گەرووی هورمز، بەڵام ئێمە دیسان چاوەڕێ دەکەین بزانین لە کرداردا چ هەنگاوێک دەنرێت".
ڤانس وتیشی "چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە هەمان ئەو بڕە نەوت و گازەی پێش دەستپێکردنی ململانێکان لە کەنداوەوە دەردەچوو، بەردەوام بێت. ئێرانییەکان پێیان وتووین کە هەروا دەکەن، هاوپەیمانیی وڵاتانی کەنداویش هەر ئەوەیان دەوێت."
بەوتەی جێگری ترەمپ "بەڵام ئێمە متمانە ناکەین، بەڵکو ڕاستی و دروستییەکەی دەسەلمێنین. ئێمە لەبری قسەی کەسەکان، سەیری کردەوەکانیان دەکەین."
سەبارەت بە حکومەتی ئێرانیش، ئەو دەڵێت "ئەوان لەژێر فشارێکی زۆر و تونددان و دەیانەوێت ئەم بابەتە کۆتایی بێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوان و پێکهاتەکەیان دەتوانن ئەو هەنگاوانە بنێن کە بۆ ڕەزامەندیی ئێمە پێویستن یان نا."