ئەحمەد داودئۆغڵو ڕایگەیاند، پارتی ئایندە کە ئەو سەرۆکایەتی دەکات، بڕیاریداوە کۆتایی بەچالاکییە سیاسییەکانی بهێنێت.
ئاوینە: داودئۆغڵو لەبەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەڕێگەی ئێکسەوە بڵاویکردەوە، رایگەیاند "بڕیاری کشانەوەیان لەسیاسەتی حزبی داوە، بۆ ئەوەی بەشێک نەبن لەکەشوهەوای سیاسی گەندەڵ".
ناوبراو بڕیارەکەی بە"بڕیارێک بۆ دوورکەوتنەوە لەگەندەڵی لەڕووی ئەخلاقیەوە" وەسفکرد.
ئاژانسی ئەنکا بڵاویکردەوە، داودئۆغڵو بڕیاری وازهێنانی لە سیاسەت داوە.
داودئۆغڵو، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، "ئەمە تەسلیمبوون نییە لە سیاسەتەوە، بانگەوازێکە بۆ ئەوەی هەمووان بیر لە سیاسەت بکەنەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "سیستەمی سیاسی بەگشتی و حزبایەتی بەتایبەتی کەوتووەتە ناو چەقبەستووییەکی گەورەوە".
بۆ ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئایندە بە فەرمی بێت، پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە هەیە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ٢٢ی ئاب وەک وادەی ئەم کۆنگرەیە تاوتوێ دەکرێت.
پارتی ئایندە گرووپێکی پەرلەمانی هاوبەشی لەگەڵ پارتی فێلیسیتی و پارتی دیڤا پێکهێنابوو.
ناوی ئەو لایەنەی کە سێ لایەنەکەی لە ژێر گروپێکی هاوبەش لە پەرلەمان کۆکردەوە بە یەنی یۆل (ڕێبازی نوێ) دیاریکرا. پارتی ئایندە چوار پەرلەمانتاری لە یەنی یۆل هەیە.
داودئۆغڵو کێیە؟
داودئۆغڵو لە ساڵی ١٩٥٩ لە شاری کۆنیا لەدایک بووە. دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە.
داودئۆغڵو لە سەردەمی حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکەی 3ی تشرینی دووەمی 2002 هاتە سەر دەسەڵات، وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت و باڵیۆزی سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا، بەمەش وەک ڕاوێژکار هاتە ناو سیاسەتەوە.
ئەو کەسەی داودئۆغلوی هێنایە ناو سیاسەتەوە، عەبدوڵڵا گول بوو، کە کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی ئاکەپە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤ سەرۆک کۆمار بوو.
داودئۆغڵو لە سایەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئەردۆغان و گول، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەدواوە ڕۆڵی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا ببینێت، هەندێکجاریش وەک نوێنەری تایبەت یان ناوبژیوان.
داودئۆغڵو کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٩ وەک ڕاوێژکاری حکومەتەکانی ئاکەپە کاری کردووە، لەم ماوەیەدا ڕۆڵی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە هەستیارەکاندا بینیوە.
داودئۆغڵو لە٢٠٠٩ بوو بەوەزیری دەرەوەی تورکیا. لە ماوەی پێنج ساڵی ئەو پەرپرسیارطییەدا بووە جێی مشتومڕترین وەزیری دەرەوە لەمێژووی تورکیادا. رووبەڕووی زۆرترین پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە بۆوە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی خولی گول و هەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی ئابی ٢٠١٤، سەرنج لەسەر ئەوە بوو کە کێ وەک سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆک وەزیرانی ئاکەپە شوێنی دەگرێتەوە. ئەردۆغان دوای وتووێژی درێژخایەن لەناو ئاکەپەدا، داودئۆغلوی وەک جێنشینی خۆی هەڵبژارد.
بەڵام پەیوەندی کاری نێوان هەردوو سەرکردە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا نیشانەکانی ململانێی تیا دەرکەوت و داودئۆغڵو ناچار بوو لە٥ی ئایاری ٢٠١٦ دەست لە پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئاکەپە بکێشێتەوە، تەنانەت دوو ساڵ پێش ئەوەی ماوەی پۆستەکەی تەواو بکات.
لە١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ پارتی ئایندەی دامەزراند، لە ئێستادا چوار ئەندامی پەرلەمانی هەیە.