هەڵسوکەوتی ئارام و هێمنانەی پیتەر ماگیار سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا لە بەرامبەر هێرشی تفکردن لەلایەن کەسێکەوە بووەتە ترێندو بابەتی گفتوگۆ.
ئاوێنە: پیتەر ماگیار سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کە کۆتایی بەدەسەڵاتی ١٦ ساڵەی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا، لەکاتی ڕۆیشتن لەگەڵ دەیڤید ڤیتێزی وەزیری گواستنەوە و وەبەرهێنان لە وێستگەی شەمەندەفەری نیوگاتی لەبوداپێست لەلایەن کەسێکەوە بەتفکردن هێرشی کرایە سەر.
لە ڕووداوەکەدا کە تۆمار کراوە، هێرشبەرەکە نزیک بووەتەوە لەدوو بەرپرسە حکومییەکە و بە کورتی قسەی لەگەڵ کردوون، کاتێک هیچ وەڵامێکی نادەنەوە، تفی بەئاراستەیە ماگیارو ڤیتێز کرد.
ماگیار سەرۆک وەزیران بە درێژایی ڕووداوەکە ئارام بوو، تەنها بە"ڕۆژێکی خۆش" وەڵامی هێرشبەرەکەی دایەوە.
دواتر ماگیار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا لێدوانێکی دا و هێرشبەرەکەی بە "نوێترین ڕووخساری" پارتی فیدێس وەسف کرد کە ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی پێشووی هەنگاریا سەرۆکایەتی دەکات.