دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بە جددی بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە گەورەکان لەدژی ئێران دەکاتەوە كه هێرشی گه‌وره‌تر لەوانە له‌خۆبگرێت كه لە کاتی "ئۆپراسیۆنی توڕەیی داستان ئاسا"دا ئەنجام دران.
ئاوێنه: دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی ئاكسیۆس دانی بەوەشدا نا کە بڕیارێکی لەو شێوەیە لێکەوتەی دەبێت و جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی له‌وباره‌یه‌وه نەداوە.
وه‌ك ئاكسیۆس هێمای بۆ كردوه، ترەمپ هیچ وادەیەکی بۆ بڕیارەکەی دیاری نەکرد. دو بەرپرسی دیکەی ئەمریکیش بۆ پێگه‌كه پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ بڕیارێک نەدراوە و هیچ فەرمانێکی نوێ نەدراوەتە سوپا.
تره‌مپ وتی "بیر لە هێرشێکی مەزن دەکەمەوە. گەورەتر لە هەر کاتێکی تر. نزیکم لەوەی بڕیار بده‌م. ئێمە ته‌واو بۆ ئه‌و كاره ئامادەین."
سه‌رۆكی ئه‌مریكا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، "ئەگەر داوا له ئیسرائیل بكه‌م لە دو خولەکدا بەشدار دەبن"، بەڵام وتی"پێویستمان بە هیچ کەسێک نییە" بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی نوێ دژی ئێران.
هەروەها وتی، بەشداریی ئیسرائیل لە هێرشەکاندا "لێکەوتە"ی دەبێت و ئاماژه‌ی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران کرد دژی ئیسرائیل.
تره‌مپ وتیشی، ئێرانییەکان "دەیانەوێت دانوستان بکەن" بەڵام لەم ساتەدا ئامادە نین ڕێکكەوتن بکەن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەوان هێشتا ئازاری پێویستیان نەچەشتوە."
دو سەرچاوەی ناوچەیی کە ئاگاداری هەوڵەکانی نێوەندگیریین به پێگه‌ی ئاكسیۆسیان وت، سەرکردایەتی ئێران دوا پێشنیاری قبوڵ نه‌كردوه كه بۆ رێككه‌وتن خراوه‌ته‌ڕو.
یەکێک له‌و سه‌رچاوانه وتی "ئێمە هەوڵ دەدەین، بەڵام ئێرانییەکان هاوکار نین."