بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست، دۆناڵد ترەمپ بیر لەئەگەری کردەوەی سەربازی دەکاتەوە لەمالی لەدژی گروپی جەماعەتی نوسرەتولئیسلام و موسلیمین (JNIM)ی سەر بە قاعیدە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا لەسەر ئەو پێشنیازە دابەشبوون و سێباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لەنێو ئەو کەسانەدایە کە پشتیوانی لەکردەوەی سەربازی دەکەن.
ئەگەر دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە مالی پەسەند بکرێت، ئەوا دەبێتە هەشتەم وڵات لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای خولی دووەمی خۆیەوە فەرمانی هێرشی داوەتە سەریان، دوای ئێران، ڤەنزوێلا، سوریا، یەمەن، عێراق، نەیجیریا و سۆماڵ.
لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە جەماعەتی نوسرەتولئیسلام و موسلیمین (JNIM) شەڕی سوپای مالی دەکات، بەهاوکاری گروپێکی تری جوداخوازی ڕکابەر، بەرەی ڕزگاری ئازاواد کە بە FLA ناسراوە.
ئەم دوو گرووپە یەکیان گرتووە، هەرچەندە ئامانجی درێژخایەنیان هاوبەش نییە. FLA دەیەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووری مالی دابمەزرێنێت، لە کاتێکدا JNIM دەیەوێت حوکمڕانی ئایینی لە سەرتاسەری وڵاتدا جێبەجێ بکات.
لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا، JNIM بۆسەیەکی بۆ کاروانێکی سوپای مالی لە باکووری وڵاتەکە دانا و لانیکەم ٥٠ سەرباز کوژران یان دەستگیر کران. هەروەها JNIM ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە پێدەچێت سەربازەکان خۆیان ڕادەست بکەن. بەشێک لەو کەسانەی کە دەوترێت کوژراون یان گیراون، چەکدارانی ڕووسیان کە هاوپەیمانی سوپای مالین. شەڕڤانانی ڕووسیا بەشێکن لە فەیلەقی ئەفریقای ڕووسیا کە جێگەی گروپی ڤاگنەری گرتۆتەوە لە پشتیوانیکردنی سوپای مالی.
مالی ڕایدەگەیەنێت، سوپاکەی بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی بۆسەکەی داوەتەوە و بەهۆیەوە 20 چەکدار کوژراون.
شەڕە بەردەوامەکان لەوانەیە ببێتە هۆی ڕووخاندنی حکومەتی مالی، کە ژەنراڵەکان لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا لە زنجیرەیەک کودەتادا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، وەزیری بەرگری حکومەت لە مانگی نیساندا لە هێرشێکی هاوبەشی JNIM و FLA کوژرا.