نو‌عمان کورتولموش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا رایگه‌یاند، هیوادارن پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بچێته پشوه‌وه، پڕۆژه یاسای تایبه‌ت به پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری په‌سه‌ندبكات.
ئاوێنه: نو‌عمان کورتولموش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسه‌ی له‌باره‌ی پڕۆژه یاسای تایبه‌ت به پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له توركیا كرد.
کورتولموش جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا به پرۆسەیەکی مێژویی گرنگدا تێدەپەڕێت و جەختی لە پێویستیی ده‌ركردنی یاسایه‌ك كردەوە بۆ کردنەوەی دەرگای قۆناغێک كه لەمەودوا چەک بە تەواوی وەلابنرێت، لە تورکیادا بە هیچ شێوەیەک باس لە "تیرۆر" نه‌كرێت و ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" بە تەواوی بەدی بێت؛ ئاماژەی بەوەش دا کە لەم چوارچێوەیەدا سەرجەم بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو پارتییە سیاسییانەی لە پەرلەماندا هەن.
وتیشی، "خوازیارین هەروەک چۆن ڕاپۆرتی لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه لە ئەنجامی هەوڵێکی هاوبەشدا هاتە ئاراوە، بە هەمان شێوەش ڕێکخستنی یاسایی کە ئەنجام دەدرێت بە بەشداریی هەمو پارته‌کان و بە بەرفراوانترین هاوپەیمانیی گونجاو بێتە ئاراوە."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد"دەبێت میکانیزمێک لە ناو ئەم یاسایەدا هه‌بێت بۆ دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ڕێکخراوەکە (مه‌به‌ستی په‌كه‌كه‌یه) چەکی داناوە و هەڵوەشاوەتەوەو ئەمە بە هیچ شێوەیەک نابێت سیفەتی لێبورینی گشتی یان لێبوردنی تایبەت بە کەسێکی هەبێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بڕوامان وایە پێویستە ئەم یاسایە بە شێوازێکی ئاسانکارانه و گشتگیر بخڕێتەڕو بۆ ئەوەی لەم مانگانەی هاویندا ئەندامانی ڕێکخراوەکە چەک دابنێن و بگەڕێنەوە وڵات، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆتایی بە چالاکییە ڕێکخراوەییەکانیان بهێنن."
وتیشی"لەوانەیە لە پرۆسەی دواتردا کارێکی هاوبەش لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پارتەکان بهێنرێتە ئاراوە. هیوادارین و ئاواتەخوازین پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشوەوە ئەم یاسایە پەسەند بکرێت و دەرگاکانی قۆناغێکی نوێ بۆ تورکیا تا سەر بکاتەوە. بابەتەکە تەنها دەرکردنی یاسایەک نییە. بەڵکو جێهێشتنی چەکەکان، و ڕاگەیاندنی هەمیشەیی و هه‌تاهه‌تایی برایه‌تیی تورک و کوردە لە تورکیادا و نەهێشتنەوەی هیچ شوێنێکە بۆ تیرۆر لە مێشک و دڵەکاندا."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"دەرگای قۆناغێکی نوێ دەکەینەوە کە تێیدا بەیەکگەیشتن و ململانێ، ئەگەر هەشبێت، تەنها بە شێوەی ڕکابەریی سیاسی بێت. ئەمڕۆ یاساکە بەم شێوەیە دەردەکەین، بەیانیش بە شێوازێکی تر یاسایەکی تر دەرده‌چێت، بەڵام ئەسڵ ئەوەیە کە ئەو برایەتییەی خەڵک لە دڵەوە هەستی پێدەکەن، ئەو برایه‌تییەی لە درێژایی مێژودا هەمانبووە، لەمەودواش بەردەوام بێت."