وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەبارەت بە هەر جۆرە هێرشێک هۆشداری ده‌داته‌ ئێران
  2026-07-19     

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دایە ئێران کە بەتوندی وەڵامی هەر جۆره‌ هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی دەداتەوە.

ئاوێنه‌: یسرائیل کاتز، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، لە کاتی بەسەرکردنەوەی ناوەندێکی فریاگوزاری و ڕزگارکردندا وتی: "ئەگەر ئێران موشەک ئاڕاسته‌ی ئیسرائیل بكات، ئێمە بە تەواوی هێزمانەوە هێرشی دەکەینه‌ سه‌ر."

ئەو هەروەها وتی: "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، کە ئەمەش ئەگەرێکی کراوەیە، ئێمە هەم بۆ هەنگاوی بەرگری و هەم بۆ هەنگاوی هێرشبەرانە دژی تاران ئامادەین."

ئیسرائیل و ئوردن ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ڕایانگەیاند کە چوار موشەک لە ئێرانەوە ئاڕاسته‌ی بەندەری عەقەبە كراون کە سێ دانەیان ڕێگرییان لێکراوە و دانەیەکیان کەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبوە.

عەقەبە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە بەندەری ئیلاتی ئیسرائیلەوە دورە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×