موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشێلكردنی ئه‌و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ی كه له‌نێوان ئه‌مریكاو ئێران‌دا ئیمزاكردبو، ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند كه ئیمزای سه‌رۆكی ئه‌مریكا چه‌ند بێ به‌هایه.
ئاوێنه: موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئێران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چونی رێوڕه‌سمی ماڵئاوایی و به‌خاكسپاردنی ته‌رمی عه‌لی خامنه‌ییه‌وه، وتی، له‌گه‌ڵ داستانی ماڵئاواییدا، پێشێلکردنی بەڵێنە یەک لەدوای یەکەکانی ئه‌مریكا سەبارەت بەو لێكتێگه‌یشتنه‌ی لە نێوان سەرۆک کۆمارەکانی ئێران و ئەمریکادا ئیمزا کرابو، جارێکی تر ئەو ڕاستییەی بۆ هەموان سەلماند کە واژۆی سەرۆکی ئەمریکا چەند بێبەها و بێ ئیعتیباره‌و "زۆرداری، پاوانخوازی و دڕنده‌یی، به‌شێكی دانەبڕاون لە ڕێباز و ڕەفتاری ئەمریكا."
رێبه‌ری باڵای ئێران وتوشیه‌تی، "ئەمڕۆ شەیتانی گەورە(مه‌به‌ستی ئه‌مریكایه) جارێکی تر دەموچاوی ڕاستەقینە و بێ دەمامکی خۆی دەرخستوە، تا ئەم ئەزموونە تاریکە لە تاوان و بەڵێ‌شکێنی، ببێتە بەڵگەیەکی توندوتۆڵی تر لەسەر درۆزنی، نالۆژیکی، باوەڕپێنەکراوی و گڵاویی ئەمریکا."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "ئێستا کە ئه‌مریكای دوژمن بەدوای جەنگ هەڵگیرساندن و هه‌ڵگرتنی باجی قورس‌تر و بێ ئابڕویی زیاتره‌وه‌یه، با بزانێت کە گەلی ئێران و بەرەی مقاوه‌مه، وانەی لەبیرنەکراویان بۆی هەیە، کە ئازایەتیی جەنگاوەرانی ئیسلام و ئازایه‌تی خەڵکی ناوچەی باشوور لەم ڕۆژانەدا نمونه‌ی ئه‌مه‌ی پیشان داوە."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه سه‌ره‌كیترین ئه‌رك، پێداگری خه‌ڵكی ئێرانه له‌سه‌ر "یەکگرتویی پیرۆز لە هەمو ئاستەکاندا." وتیشی، دوژمن نابێت هیچ نیشانه‌یه‌كی لاوازی له ئێمه‌دا ببینێت.