لەسەروبەندی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵییە داراییە زەبەلاحەکانی "عەدنان ئەلجومەیلی"، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەستەی دادوەریی عێراق سەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی دیکەی پارەی حەشارکراو، کە بەشێکیان لە نێو دیواری خانووهکاندا بە نهێنی شاردبویانەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی بەڵگەکانی دۆزینەوەی پارەکە، ڕایگەیاند؛ دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ناوەندیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی دیکەی پارە و خشڵی ئاڵتوندا بگرن، کە وەک بەشێک لە دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوە وردەکانی ئەم دۆسیەیە هەژمارد دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕە پارەیەی تازە دۆزراوەتەوە بەشێکی لای کەسانێک بووە و بەشەکەی دیکەی بە شێوازێکی هونەری لە نێو دیواری چەند خانوویەکدا حەشاردرابوو بۆ ئەوەی چاویان لێ نەبێت، بەڵام تیمەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە شوێنەکانیان ئاشکرا بکەن.
ئەنجومەنی دادوەری ئاشکرای کرد، ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆی تیمەکانیان بریتی بووە لە:
25 ملیار دیناری عێراقی.
200 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
4 کیلۆگرام خشڵ و زێڕی بەنرخ.
دۆسیەی عەدنان ئەلجومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، ئێستا وەک یەکێک لە گەورەترین و ئاڵۆزترین دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراق سەیر دەکرێت. ناوبراو تۆمەتبارە بەوەی کە پۆستە فەرمییەکەی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی سەروەتێکی نایاسایی و گەورە لەسەر حسابی سامانی گشتی وڵات.
ئەنجومەنی دادوەری جەختی کردەوە کە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکانی ئەم تاوانە و دەستنیشانکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی دیکە کە لەم تۆڕە گەندەڵییەدا تێوەگلاون، بەردەوام دەبێت و هیچ کەسێک لە لێپرسینەوە رزگاری نابێت.