سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات، کە ئەمجارە بەشێکی گرنگی تەرخان کراوە بۆ بەدواداچوونی دارایی و وەبەرهێنانی بەرپرسانی باڵا لە ئەمریکا، ئەوروپا و تورکیا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، قۆناغی دووەمی ئەم هەڵمەتە وەزارەتەکانی (تەندروستی، نەوت و کارەبا) دەگرێتەوە. لیژنەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران، سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و پێداچوونەوەی وردی بۆ دۆسیەی چەندین بەرپرسی باڵا و کەسایەتیی دەستڕۆیشتووی ناو ئەو وەزارەتانە ئەنجام داوە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە تێوەگلاوانی دۆسیەکانی گەندەڵی، پارەی بەدەستهاتوو لە رێگەی نایاساییان بۆ کڕینی موڵک و ماڵ و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە وڵاتانی دەرەوە بەکارهێناوە. ئامانج لەم کارەش بەکارهێنانی ئەو موڵکانە بووە وەک پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ دەستەبەرکردنی قازانجی خەیاڵی.
لە ئێستادا حکومەتی عێراق لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە پەیوەندی بەو وڵاتانەوە کردووە کە ئەو سامانانەیان تێدایە، بەمەبەستی بەدواداچوونی سەرچاوەی داراییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
حکومەت سەرقاڵی تاووتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەتە بۆ رێکخستنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو سامانانەی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی نایاسایی وەبەرهێنانیان تێدا کراوە. بڕیارە دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان لە ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەیاساکە بۆ پەسندکردن ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردوو قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکە دەستی پێ کرد و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی، پەرلەمانتار و بازرگانی گرتەوە. دەستەی دەستپاکی فیدراڵی دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم فەرمانەکانی دەستگیرکردن بە چاودێری دەسەڵاتی دادوەری و بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێن. هەروەها سەرچاوە دادوەرییەکان پێشبینی دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆسیەی نوێ بکرێنەوە و ژمارەی دیکە لە کەسایەتییە خاوەن دەسەڵاتەکان بەهۆی تێوەگلان لە گرێبەستە گوماناوییەکاندا رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.