​بە فەرمی: ناردنی دۆلار بۆ عێراق دەستی پێکردەوە
  2026-07-02     

دوای قۆناغێکی دژواری چاوەڕوانی و گفتوگۆ دارایی و سیاسییەکان، پرۆسەی ناردنی دۆلاری نەختینە لە ئەمریکاوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەستی پێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە سەرچاوەکان لە واشنتن و بەغداوە پشتڕاستیان کردەوە ئەو بەربەستانەی لە بەردەم گواستنەوەی پارەدا هەبوون، بە تەواوەتی هەڵگیراون.

ئاوێنە: ​ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز»ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، کاروانی ناردنی دۆلار گەیشتووەتە بەغدا و کێشە تەکنیکی و داراییەکان چارەسەر کراون، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

​مەزھەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی پارەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: «کێشەکە بە تەواوەتی چارەسەر کراوە و پرۆسەی ناردنی دۆلار بۆ عێراق لە ئێستادا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.»

​جێگەی باسە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا و لە میانی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا دابوو، هەروەها داهاتی نەوتی عێراقی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک سڕ کردبوو.

​چاودێران پێیانوایە، ئەو بڕیارەی واشنتن لەو کاتەدا وەک ئامرازێکی گوشاری سیاسی بەکارهاتووە، بە ئامانجی سنوردارکردنی هەژموونی ئەو لایەنانەی کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە نزیکن لە ئێران، هەروەها وەک پەیامێکی ڕاشکاوانە بۆ حکومەتی بەغدا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا.

​ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئەم جوڵە داراییە، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی ناوخۆیی عێراق و بەهای دینار بە دیار بکەوێت و ئاستی جێگیریی لە بازاڕی دراودا بەرزببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×