فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانەی حکومەتی فیدراڵی ڕاگەیاند کە بە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستی پێ کردووە، هاوکات داوای فراوانکردنی هەڵمەتەکە بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەکات.
ئاوێنە: لە دوای دەستپێکردنی "ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان" کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سیاسی، حکومی، پەرلەمانتار و سەرمایەداری گرتەوە، فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی خستەڕوو. فراکسیۆنەکە جەختی لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی پتەوی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری و جێبەجێکردن کردەوە، تا بتوانرێت ڕێکارە یاساییەکان بەبێ خەوش جێبەجێ بکرێن.
فراکسیۆنی پارتی لە پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە ئەم هەڵمەتە لە پایتەخت کورت نەبێتەوە، بەڵکو بە یەکسانی سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە. لەو بارەیەوە ئاماژەیان بەوە داوە کە هاوڵاتییان چاوەڕوانی پاکسازییەکی کارگێڕیی ڕیشەیی و گێڕانەوەی ئەو مافانەن کە لە ئەنجامی گەندەڵیدا بەفیڕۆ چوون.
جەختیشیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پاڵپشتییەکانیان بۆ ئەم پڕۆسەیە مەرجدارە بەوەی: "لێپرسینەوەکان هەموو گەندەڵکارێک بەبێ هیچ جیاکاری و دەستنیشانکردنێک بگرێتەوە."
ئەم پشتیوانییەی پارتی لە کاتێکدایە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتڕاستی کردەوە کە "ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان" تەنها دەستپێکی قۆناغی یەکەمی جەنگێکی بەرفراوانە دژی گەندەڵکاران.
زەیدی بەڵێنی ئەوەی داوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی گێڕانەوەی سامانی گشتی و جەختی لەوە کردەوە کە: "چیتر بەرامبەر بە گەندەڵی بێدەنگ نابن و هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی چەک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل بەردەوام دەبن."
فراکسیۆنی پارتی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەک ئەرکێکی نیشتمانی، ئامادەییی تەواوی خۆی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و پاڵپشتییەک نیشان داوە، چ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ئیداریی پارێزگاکان، لەپێناو چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دۆزینەوەی ڕاستییەکان.