لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکان لە زنجیرەیەک هەڵمەتی چڕدا لە چەند پارێزگایەکی عێراق، 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی پلە باڵای حکوومییان بە تۆمەتی "تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵیی دارایی و ئیداری" دەستگیر کرد.
ئاوێنە: ئەم ئۆپەراسیۆنە کە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار و نەینەوای گرتووەتەوە، لە کاتێکدایە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەستپێکردنی رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا، بە پشتگیریی تەواوی دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات ئەنجام دراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە باڵاکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان داوە، لیستەکە ژمارەیەک لە کارەکتەرە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئیداری لەخۆ دەگرێت، کە دیارترینیان بریتین لە:
- موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم.
- زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد کەربوولی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد جەمیل میاحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- حەسەن خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- عەبدولڕەحمان لوێزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- موزەڕ کەروی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- هیند عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد فەرمان جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- بوشرا قەیسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد سەیهوود، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق.
- عەلی مەعاریج، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن.
- ئیبراهیم سومەیدەعی
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستگیرکردنانە بەرهەمی "هەوڵی هاوبەشی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانان"ـە. دەستەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک پرۆسەی چاودێریکردن و وردبینیی بەردەوام هاتووە.
دەستەکە دووپاتیشی دەکاتەوە کە "سەرجەم رێکارەکان لە چوارچێوەی حوکمەکانی یاسادان و بە پشتیوانیی تەواوی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام دراون". هەروەها بەڵێنی داوە بە شەفافیەتەوە رای گشتی لە وردەکاریی رەوتەکە ئاگادار بکاتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم شەپۆلی دەستگیرکردنانە درێژکراوەی ئەو زنجیرە هەڵمەتانەیە کە بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی سیستەماتیک دەستی پێ کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، عەدنان جومەیلی (بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن) کە بە "حووتی نەوت" ناسراوە، دەستگیر کرا.
لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ جومەیلی ئاشکرایان کردبوو کە بڕێکی خەیاڵیی پارەی نەختینە (سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار) لەناو باخ و ژێر زەوی و ڤێلاکانیدا شاردراونەتەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی گرانبەها و زێڕ، کە پێشبینی دەکرێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراودا بەشێک لەو دەزووانە بووبێت کە گەیشتوونەتە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون.