دۆسیەی لوبنان لە سەرووی مێزی گفتوگۆکانە؛ وردەکاریی ڕێککەوتنە ٦٠ ڕۆژییەکەی تاران و واشنتۆن
  2026-06-21     

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، گەیشتنی شاندەکانی ئەمریکا، ئێران و نێوەندگیرە بەشداربووەکان بۆ سویسرا تەواو بووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆ تەکنیكییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە ناوەڕاستی ئومێدێک بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن لەو دۆسیانەی لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکاندا دەخرێنەڕوو.

ئاوێنە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، لەکاتێکدا ئاژانسی "ئیرنا" بڵاویکردەوە کە شاندی دیپلۆماسیی ئێران بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی تەکنیکی کە تیشک دەخاتە سەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتننامەی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ.

شاندی ئێرانی پێکهاتووە لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی و کەرتی نەوت، لە بەرامبەریشدا ڤانس دەچێتە پاڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کوشنەر کە پێشتر لە سویسران بۆ بەدواداچوونی لایەنە تەکنیکییەکانی دانوستانەکان، بە بەشداریی شاندێکی پاکستان و نێوەندگیرە قەتەرییەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان گەیشتنی شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیران و موشیر عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی بۆ سویسرا ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆ ئاست بەرزەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد.

دۆسیەی لوبنان پێشەنگی خشتەی کارەکانی گفتوگۆکان دەگرێت، دوای ئەوەی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادارەوە گواستییەوە کە دانیشتنێکی نائاسایی تەرخانکراو بۆ لوبنان خراوەتە سەرووی گفتوگۆکانەوە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەمین پرس کە هەردوو شاندی ئەمریکی و ئێرانی تاوتوێی دەکەن.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ سویسرا ڕایگەیاند، بەدەستهێنانی پێشکەوتن بەرەو ئاگربەست لە لوبنان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، ئەمەش لە سایەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان.

لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئێرانی بە تۆڕەکەی ڕاگەیاند کە کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە لوبنان لە پێشینەی کارەکانی شاندی ئێرانییە، و دێتە پێشەنگی ئەو پرسانەی لە خشتەی کارەکاندا خراونەتەڕوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بنيامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان ڕاگەیاند، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی ئێستا تێیدا جێگیرن، لە کاتێکدا حیزبوڵڵا سوورە لەسەر بەستنەوەی ڕاگرتنی هێرشەکانی بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنانەوە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، ئیسرائیل بەردەوامە لە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان، لە کاتێکدا ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانەوە هەڵگیرساون، بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس، لە نێویاندا ٤٧ کوژراو لە لوبنان و شەش سەربازی ئیسرائیلی کە ئەفسەرێکی باڵایان تێدایە.

لە لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکان نوێنەرایەتی یەکەمین پەیوەندی و بەشداریی فەرمیی نێوان لایەنەکان دەکەن لە دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە، و بە وێستگەیەکی گرنگی دەزانێت بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و پاڵنانی ئەو تێگەیشتنانەی لەسەری ڕێککەوتوون بەرەو قۆناغی پێشکەوتووتر.

هەروەها وتیشی، شاندی پاکستانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە پەراوێزی گفتوگۆکاندا ئەنجام دەدات بۆ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی ئیسلام ئاباد بە گفتوگۆ و نزیکبوونەوەیەکی هاوسەنگ، و پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی ئامانج لێیان تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکانە وەک ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆی پاکستان گەشبینیی خۆی بە ئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەکان دەربڕی و وتی "کارەکان بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆن"، و هیوای خواست کە کۆبوونەوەکانی سویسرا ببنە هۆی ئەنجامی ئەرێنی و بونیادنەر.

هەروەها وەزیری ناوخۆی ئێران گەشبینیی خۆی بە ڕەوتی گفتوگۆکان دەربڕی، و جەختی لەوە کردەوە کە کەشوهەواکە ئەرێنییە و کارەکان بە ئاراستەی دروستدا بەرەوپێش دەچن، و ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە سویسرا ئامانج لێی هەنگاونانە بەرەو پێشەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو لێکتێگەیشتننامەیەی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ کراوە.

ئەم گفتوگۆیانە بەدوای ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەییەدا دێن کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا و ئێران واژۆیان کرد، کە تێیدا هەردوو لا لە ماوەی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژدا هەوڵدەدەن بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە پرسە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئابووریی جیهان دەبێت.

بەڵام ڕەوتی دانوستانەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زیاتر دەبێتەوە بەهۆی هەڵکشانە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان، لەگەڵ ئەو گرژییانەی پەیوەستن بە گەرووی هورمزەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ستراتیژییەکان بۆ بازرگانیی وزەی جیهانی.

بڕیار بوو ڤانس ڕۆژی هەینی بگاتە سویسرا، بەڵام سەردانەکەی دواخرا بەهۆی پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی لە لوبنان و دواخستنی بەشداریکردنی شاندی ئێرانی پێش ئەوەی دواتر ئامادەبوونی خۆی بۆ دانوستانەکان پشتڕاست بکاتەوە.

لە دۆسیەی گەرووی هورمزیشدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، و ڕاستیی ئەو بەیاننامەیەی سوپای پاسدارانی ڕەتکردەوە کە ڕایگەیاندبوو گەرووەکەی داخستووە لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هاوکات ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕێکی زۆر لە بارە نەوتییەکان بەبێ پچڕان بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×