ئەمڕۆ دادگـای تـاوانـەکـانی کەرخ، بڕیاری ساڵێک زیـندانـیکردنی بۆ 'خالید کەبیان'، ڕاوێژکاری بۆ کاروباری وەرزش لە سەردەمی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەرکرد. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە دۆسیەیەکی پەیوەست بە سەرپێچی و گـەندەڵـیی داراییەوە تێوەگلاوە.
لەو چوارچێوەیەدا، میدیا عێراقییەکان بەڵگەنامەیەکی فەرمییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا پشتڕاستی بڕیارەکەی دادگـا دەکاتەوە سەبارەت بە سـزادانـی ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو بۆ ماوەی یەک ساڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکە، هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارە یاساییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خالید کەبیان بە مەبەست و بە ئەنقەست، زیانی دارایی گەورەی بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو دامەزراوەی "فیدراسیۆنی وەرزشە ئاوییەکانی عێراق" و "لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق" گەیاندووە، کە ناوبراو پێشتر لەو دوو دامەزراوەیەدا پۆست و بەرپرسیارێتیی باڵای هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە و وەک پێشهاتێکی بەردەوام لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچییە داراییەکان هەمیشە وەک بەڵێنێکی سەرەکیی سەرۆکوەزیرانەکان لە سەرەتای دەسەڵاتیاندا دەخرێتە ڕوو، بەڵام زۆرجار لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی کابینەکانیان، تێوەگلانی کەسانی نزیک لە دەسەڵاتداران و بەرپرسە باڵاکان لە کەیسە گەورەکاندا ئاشكرا دەبن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.