نێچیرڤان بارزانی‌: مانه‌وه‌ی‌ كورد له‌عێراق باشتره‌ له‌سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌بێ‌ پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا
  2019-02-03       4629       

 ئا: هاوكار حسێن 

نێچیرڤان بارزانی‌ پێیوایه‌ پێدانی‌ مافه‌كانی‌ كورد له‌عێراقدا به‌پشتیوانیی‌ واشنتۆن، باشتره‌ له‌هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌بێ‌ پشتگیریی‌ ئه‌مه‌ریكا.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس كه‌ له‌لایه‌ن دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌وه‌ له‌عێراق نوسراوه‌و ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، نێچیرڤان بارزانی‌ ستایشی‌ سه‌رۆك بوشی‌ كردوه‌ بۆ میوانداریكردنی‌ مه‌سعود بارزانی‌ كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌تێك پێشوازیلێكراوه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان وتویه‌تی‌، "سه‌ردانه‌كه‌ یارمه‌تی‌ نوخبه‌ی‌ كوردی‌ داوه‌ وای‌ نیشانبده‌ن كه‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا به‌پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا، باشتره‌ له‌هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌بێ‌ پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا (یاخود هه‌ر دراوسێیه‌ك)".
له‌به‌شێكی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یدا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2005 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی‌ هه‌رێم، ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ده‌ستبدات‌و بچێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، سیاسه‌تی‌ هه‌رێم گۆڕانی‌ به‌سه‌ردادێت".

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی‌: 05KIRKUK270
بابه‌ت: گه‌شتی‌ واشنتۆن مانه‌وه‌ی‌ كوردان له‌عێراقدا به‌هێز ده‌كات
سه‌رچاوه‌: رێكخه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كه‌ركوك (عێراق)
به‌روار: 8ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2005
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

پوخته‌:
نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ستایشی‌ سه‌رۆك بوشی‌ كرد له‌پای‌ میوانداریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سعود بارزانی‌. نێچیرڤان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ریكا وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ وریا بوه‌ له‌مه‌سه‌له‌ پڕۆتۆكۆلیه‌كاندا، به‌ڵام واهه‌ستیكردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌تێك پێشوازیی‌ له‌سه‌رۆك بارزانی‌ كردوه‌. وتیشی‌، سه‌ردانه‌كه‌ یارمه‌تی‌ نوخبه‌ی‌ كوردی‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نیشانیبده‌ن كه‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانمان له‌عێراقێكی‌ دیموكراتدا به‌پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا، باشتره‌ له‌هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌بێ‌ پشتگیریی‌ ئه‌مه‌ریكا (یاخود هه‌ر دراوسێیه‌ك). بارزانی‌‌و فه‌لاح مسته‌فاش، به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، پێشبینی‌ ئه‌وه‌یان كرد كه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگده‌ران له‌چاو ئه‌وه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م زیاتر ببێت، هاوكات جه‌لال تاڵه‌بانیش له‌به‌غدا درێژه‌ به‌كاره‌كه‌ی‌ بدات‌و عادل عه‌بدولمه‌هدیش ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق. پارتی‌ به‌ئاشورییه‌ هاوسۆزه‌كانی‌ وتوه‌ لیستی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ غه‌یره‌ موسوڵمان بونیان هه‌بێت‌و هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ئاراسته‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ ئیسلامی‌ په‌كبخات.

گه‌شتێكی‌ گرنگ بۆ واشنتن
نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ستایشی‌ سه‌رۆك بوشی‌ كرد بۆ میوانداریكردنی‌ مامی‌، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. رۆژی‌ 6ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م، بارزانی‌ به‌جێگری‌ رێكخه‌ری‌ هه‌رێمیی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ راگه‌یاند، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا له‌روی‌ پرۆتۆكۆله‌وه‌ وریایانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵام واهه‌ستیكردوه‌ كه‌ مامی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌تێك پێشوازیلێكراوه‌. ئه‌وان پرۆتۆكۆل‌و ناوه‌ڕۆكی‌ سه‌ردانه‌كه‌یان به‌سه‌ركه‌وتنێكی‌ مه‌زن ئه‌ژماركردوه‌. نێچیرڤان وتی‌، سه‌ردانه‌كه‌ یارمه‌تی‌ نوخبه‌ی‌ كوردی‌ داوه‌ وای‌ نیشانبده‌ن كه‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا به‌پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا، باشتره‌ له‌هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌بێ‌ پشتیوانیی‌ ئه‌مه‌ریكا (یاخود هه‌ر دراوسێیه‌ك).   
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وتی‌، كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ی‌ سه‌رۆك بوش هه‌یبوه‌ به‌رامبه‌ر عێراق‌و پابه‌ندبون به‌جێبه‌جێكردنی‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ كورده‌كان پێشوازییه‌كی‌ گه‌رمیان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ لێكراوه‌ وه‌ك پێزانینێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌رابردودا ئه‌نجامیداوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ باس له‌عێراق ده‌كات وه‌ك یه‌ك قه‌واره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام وایده‌بینێت كورده‌كانیش شوێنێكی‌ شایسته‌ به‌خۆیان هه‌یه‌ له‌عێراقی‌ نوێداو وه‌ك هاوبه‌شێكی‌ ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی‌ خۆی‌ حسابی كردون.  

پێشبینیه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن (2005) 
نێچیرڤان بارزانی‌‌و فه‌لاح مسته‌فا به‌جیا پێشبینیه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ساڵی‌ 2005 به‌مشێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ بو:

فه‌لاح: شیعه‌كان (80-100) كورسی‌. نێچیرڤان: (80-110) كورسی‌. (له‌راستیدا 128 كورسی‌ برده‌وه‌)
فه‌لاح: هاوپه‌یمانی‌ كورد (60) كورسی‌. نێچیرڤان: (45-55) كورسی‌. (له‌راستیدا 53 كورسی‌ برده‌وه‌)
فه‌لاح: سوننه‌كان (45-50) كورسی‌. نێچیرڤان: زیاتر له‌(40) كورسی‌.   (له‌راستیدا 44 كورسی‌ برده‌وه‌)
فه‌لاح: لیسته‌كه‌ی‌ عه‌لاوی‌ (30-35) كورسی‌. نێچیرڤان: (25) كورسی‌.  (له‌راستیدا 25 كورسی‌ برده‌وه‌)
فه‌لاح: ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌ (5-10) كورسی‌. 
فه‌لاح: یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان (1-2) كورسی‌. (له‌راستیدا 5 كورسی‌ برده‌وه‌)

هه‌ردوكیان (نێچیرڤان‌و فه‌لاح مسته‌فا) پێشبینیانكرد رێژه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ ئه‌مجاره‌ زیاتربێت له‌وه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، كاتێك هه‌ندێك له‌كورده‌كان دژی‌ ده‌ستوری‌ عێراق وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ مافی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ تێدا نه‌بو، هه‌ندێكی‌ تر لارییان نه‌بو له‌ده‌نگدان، چونكه‌ دڵنیابون له‌وه‌ی‌ هه‌ر تێده‌په‌ڕێت. له‌ئێستادا پارتی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ خۆی‌ سه‌رڕێخستوه‌. به‌وته‌ی‌ خۆشیان بۆ به‌شداربونی‌ زیاتری‌ ده‌نگده‌رانه‌و پێویستیان به‌وه‌ نیه‌ له‌دژی‌ پارته‌ كورده‌كانی‌ تر هه‌ڵمه‌ت بكه‌ن. نێچیرڤان بارزانی‌ گله‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ قورسه‌ گه‌نجان وایان لێبكرێت ده‌نگبده‌ن. له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ جێگری‌ رێكخه‌ر پێداگری‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ بێخه‌وش كرده‌وه‌ دور له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌كه‌مینه‌كان یاخود پارته‌ كورده‌كانی‌ دیكه‌. (تێبینی‌: ئه‌م گفتوگۆیه‌ له‌پێش هێرشه‌كانی‌ دهۆك بۆ سه‌ر یه‌كگرتو ئه‌نجامدراوه‌). فه‌لاح وتی‌، پارتی‌ پێشوازیی‌ له‌چاودێرانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات.   
بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ به‌ئاشورییه‌ هاوسۆزه‌كانیان وتوه‌ لیستی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن، نه‌ك بچنه‌ پاڵ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان. پارتی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا ده‌یویست غه‌یره‌ ئیسلامیه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا هه‌وڵی‌ شیعه‌كان به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی‌ ئیسلامی‌ په‌كبخه‌ن. پارتی‌ له‌لای‌ رونه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ ئاشورییه‌كاندا پێكبهێنێت. 
بارزانی‌ وتی‌، پارتی‌ هانی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ له‌و حكومه‌ته‌ بكات كه‌ دڵنیابو له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، ئێرانیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ كێشه‌ دروستده‌كات له‌حاڵه‌تی‌ بونی‌ عه‌لاوی‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بیش پۆستێك وه‌رده‌گرێت، به‌ده‌ر له‌پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران. ئێران له‌ئه‌مه‌ریكا زیاتر هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقی‌ به‌هه‌ند وه‌رگرتوه‌. ئێران موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ بۆ سیاسییه‌كان بڕیوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش به‌ده‌رفه‌تێكی‌ مێژویی‌ ده‌زانێت. ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ له‌عێراق نزیكه‌ی‌ 6 هه‌زار لایه‌نگری‌ خۆی‌ خزاندوه‌ته‌ ناو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌. به‌عسیه‌كان خه‌ریكن باشتر رێكده‌خرێنه‌وه‌و پشتیوانیی‌ مادییش ده‌كرێن، بارزانی‌ پێیوابو سوریا پشتیوانیان ده‌كات. عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانیش تاكه‌ گروپێكن كه‌ ئه‌زمونی‌ راسته‌قینه‌یان هه‌یه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ عێراقدا. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكشێته‌وه‌، مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ جه‌نگی‌ ناوخۆ روده‌دات. 
كاتێك پرسیاری‌ ئه‌وه‌ كرا كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ده‌ستبدات‌و بچێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، سیاسه‌تی‌ هه‌رێم گۆڕانی‌ به‌سه‌ردادێت، فه‌لاح مسته‌فا ره‌تیكرده‌وه‌ شتی وا روبدات. كوردێك پێویسته‌ ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆك وه‌زیران یاخود سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق: تاڵه‌بانی‌ پاڵێوراوی‌ كورد بوه‌. هه‌روه‌ها پێشبینی‌ ئه‌وه‌شی‌ كرد كه‌ كورده‌كان ببنه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق، به‌ڵام پێیوابو كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك رونه‌دات له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌و پۆسته‌ سه‌ره‌كیانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌. وتیشی‌، پێویسته‌ كورد لایه‌نه‌كان له‌وه‌ دڵنیابكاته‌وه‌ كه‌ كورده‌كان ده‌یانه‌وێت وه‌ك به‌شێك له‌عێراقێكی‌ نوێی‌ دیموكراتدا بمێننه‌وه‌، به‌مه‌رجی‌ به‌شداربونێكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×