محەمەد جەمیل مەیلاحی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٧ی ئایاری ٢٠٢٦) پەردەی لەسەر کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی هێزەکانی چوارچێوە لادا بۆ یەکلاکردنەوەی میکانیزمی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەپێی سیستەمی خاڵبەندی، ئەمەش لە ژێر سێبەری بەردەوامی ناکۆکییەکان سەبارەت بە پۆستە سیادییەکان.
ئاوێنە: مەیلاحی لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی بەم زووانە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دابەشکردنی وەزارەتەکان، و پێشبینیشی کرد ئەم مەلەفە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا یەکلا بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە جیاوازی بیروڕا لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە سەبارەت بە دابەشکردنی وەزارەتە سیادییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، سەرەڕای هەبوونی پێشکەوتن لە مەلەفەکانی دیکەدا.
وتیشی کە بەرنامەی حکومەت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ تاوتوێکردنی لە چوارچێوەی ڕێکارە دەستوورییەکاندا.
ڕوونیشی کردەوە کە حکومەت پێش پانزدەی ئەم مانگە دەخرێتە دەنگدانەوە لە ناو پەرلەمان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانە و دەستبەکاربوونی فەرمی.
مەیلاحی ئەوەی بە دوور زانی کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو پەنا بۆ تێپەڕاندنی حکومەتەکەی بە زۆرینەی "نیوە + ١" ببات، و پێشبینی کرد حکومەتەکە بەهۆی ڕێککەوتنی سیاسییەوە بە شێوەیەکی تەواوەتی تێپەڕێنرێت.
ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی جووڵە سیاسییە خێراکان دێن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە ناو هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان بەپێی شایستە هەڵبژاردنەکان. وەزارەتە سیادییەکان وەک تەوەری سەرەکی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان دەمێننەوە، ئەمەش کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکاتە وێستگەیەکی چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی شێوەی حکومەتی چاوەڕوانکراو.