"باسم بەدری لە پێش سوودانییەوەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران"
  2026-04-16     

چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی لە عێراق، کێبڕکێی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو گەرمتر دەبێت. زیا ناسری، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد کە باسم بەدری، وەک کاندیدی هاوپەیمانییەکە، لە ئێستادا پێش محەمەد شیاع سوودانی کەوتووە.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی زانیارییەکان، پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران لە نێو "چوارچێوەی هەماهەنگی" پێویستی بە هەشت واژۆ هەیە لە کۆی ١٢ واژۆی ناو چوارچێوەکە. لە ئێستادا باسم بەدری توانیویەتی پاڵپشتی شەش واژۆ بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا محەمەد شیاع سوودانی تەنیا سێ واژۆی هەیە.

باسم بەدری، کە لە ئێستادا سەرۆکی دەستەی باڵای نیشتمانییە بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی، وەک کەسایەتییەکی تەکنۆکرات و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە ئابووریی کشتوکاڵیدا دەناسرێت. ناوبراو کاندیدی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە و وەک "کاندیدی سازان" ناسێندراوە.

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاندیدکردنی بەدری وەک جێگرەوەیەک بۆ هەریەک لە سوودانی و مالکی دێت، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لایەنە کوردی و سوننەکان و هێورکردنەوەی شەقامی عێراقی. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هێنانە پێشەوەی دەموچاوی نوێ کە بتوانێت هاوسەنگیی لە نێوان جەمسەرە جیاوازەکاندا دروست بکات.
​
هەرچەندە تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی هیچ کاندیدێکی ڕانەگەیاندووە، بەڵام گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی هێزەکان لە ناوخۆی چوارچێوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بڕیاری کۆتایی لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا دەدرێت. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانە بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ماوەیەکی زۆرە پرۆسەی حوکمڕانی لە وڵاتدا پەکخستووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×