شێرکۆ ڕەشید قادر
لێرە، خەڵک سەری ڕێز و نەوازش بۆ زاناکانیان دادەنەوێنن، لای ئێمەش بۆ پادشاکان.''
ڤۆلتێر لە مەراسیمی ناشتنی نیوتندا (1727).
سەرباری ئەوەی زاتێکی بێ جوڵە و کەنەفت بوو، بەڵام مێشکی بە پوختی و چوستی و بێ هیچ کێشەیەک ئەنجامدەدا. ئەم مەخلوقە بچکۆلەیە، هەرچەندە هەتا کۆتایی زەمەن لەسەر ئارەبانە بوو، دەتگوت لە دەورەی سبووتدایە و بۆ هەمیشەگی گرمۆڵەبووە، جارێک گووتی پێش ئەوەی نەخۆش بکەوم هەمیشە نیگەران بووم ، لە ژیان بێ هیوا بووم، بەڵام دوای نەخۆشییەکەم ژیان لای من وێنەیەکی تری هەبوو، وێنەیەک پڕبوو لە پانورامای جوان، سیمای باخچەیەکی ژیکەڵە، پڕبوو لە هیوا و مەرامی گەورە. سەدان پرسیار و وەڵامی منداڵانە، زانستی و ئیلاهی، فەلسەفی و گەردونی لە مێشکیدا گینگڵیان دەدا، هەتا دوا ڕۆژانی ژیانی، وێل بوو لە دوی دۆزینەوەی مەتەڵی ئەفسانەیی سەرەتا و کۆتایی زەمەن و فەزا، ئینسانێک بوو هەمیشە پڕ بوو لە خەندە، نەک هەر بۆ خۆی، بەڵکو بۆ هەزاران مرۆڤی سادە و کەم توان لەسەر ئەم گۆی زەوییە. بێگومان یەکێک بوو لە فیزیکزانە تیۆریستە هەرە گەورەکانی ئەم دونیایە و ئەم چەرخە، لای خەڵکانێکی زۆر ئەم کەسایەتییە بێ جوڵە و بێ زمانە سادەیە سیمای مۆدێلێکی ئاینشتاین-ی لەخۆدا بەرجەستەکردبوو. ژیانێکی سەخت و قورسی لە ناخی خۆیدا مەڵاس دابوو، پڕبوو لە دراما و پشێوی خێزانی، بەڵام هەرگیز ڕۆژێک لە بیرکردنەوەی داهێنەرانە نەوەستاوە. ڕۆڵێکی بەرچاو و لەئاسابەدەری هەبوو لە فیزیک و تیۆری گەردونناسی و زانستی سەدەی بیست و بیست و یەکدا. کە دەڵێین فیزیکزانێکی تیۆریست بوو، مەبەستمان ئەوەیە لە کایەی فیزیکدا کاردەکات، بەڵام لە بری ئەوەی لە تاقیگەدا بەرنامەکانی خۆی ئەنجام بدات، ئامرازێکی لۆژیکی زۆر داهێنەرانە و بە قودرەت بەکاردەهێنێت بۆ توێژینەوە و تاووتوێکردنی کایەکانی سروشت و گەردون، بە تایبەت ئەو دونیایەی ئینسان زەحمەتە ڕاستەخۆ دەستی بگاتێ. ئەو ئامرازە بە قودرەت و لۆژیکییە بریتییە لە ماتماتیک، ئەو زمانەی مرۆ دەتوانێت لەگەڵ سروشت و گەردوندا بپەیڤێت و بە نایابی لە یەکتر حاڵی ببن، هۆوکین لەم زمانەدا پسپۆڕ و پاراو، خەیاڵباف و بوێژ بوو. کایەی توێژینەوەی هۆوکین بە پلەی یەکەم گەردونی ناکۆتا و تەنۆلکە ژێر-ئەتۆمییەکان بوو، واتە هەردوو پایە بەرزەکەی فیزیک. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ڕابەری یەکەمی تیۆری کوانتەمی میکانیکی و تیۆری گشتی نسبی ئاینشتاین بوو، بۆ نمونە، ئەو حاڵەت و هەلومەرجانەی دوای ساتە وەختی تەقینەوە مەزنەکە یان بیگ-بانگ چی بوون؟ واتە سەرەتای دەستپێکی گەردون، بە فەزا و زەمەنەوە دوای بیگ-بانگ بە چەند چرکەیەک چۆن بوون؟ ئینسان هەرگیز ناتوانێت ئەم جۆرە نمونانە لە تاقیگەدا بخاتە ژێر تەجروبە و تاووتوێیان بکات، یان بڵێین بچێتە مەوقیعەکە و شرۆڤەیان لەسەر ئەنجام بدات، بەڵام دەتوانین ماتماتیک بخەینەگەڕ بۆ توێژینەوەی حاڵەتەکە و پێشبینی بکەین چی دەبێت و دوای ئەوە لەگەڵ گوزەری زەمەندا چی ڕوودەدات و گەردون چۆن دەگۆڕێت، ئەمە بۆ خۆی جێگای تەجروبەی تاقیگەیی دەگرێتەوە و مۆدێل و دەرەنجامی نزیکەیی-مان بۆ فەراهەم دەکات. بەمجۆرە یەکێک لەو دەڤەرانەی مەحاڵە ئینسان پەی بێ بەرێت و گەشتی واقیعی بۆ بکات و توێژینەوەی ڕاستەخۆی لەمەڕ ئەنجام بدات بریتییە لە چاڵە-ڕەشەکان. ستیفن هۆوکین بە کارەکانی لەسەر چاڵە-ڕەشەکان ناسراوە. بە هەقەت ڕابەری هەرە گەورەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم بوو لەم بوارەدا. چاڵە-ڕەش تەنی ئێجگار زەبەلاحە، دوای مەرگی لەسەرخۆی هەسارەکان لەدایک دەبن. چۆن؟ کاتێک هەسارەیەک چیتر وزەی تێدا نامێنێت لەسەری بژی، ئەوا هێدی هێدی، لە سایەی ڕکێفی کێشکردنی خۆیدا بە ئاڕاستەی ناوەوەی خۆی بچوک دەبێتەوە، سەرەنجام ئەوەندە بچکۆلە دەبێتەوە هەتا هەرەسدەهێنێت و بە دەوری خۆیدا بازنەیەکی هەوری دروستدەکات پێی دەگوترێت ئاسۆی ڕووداو (Event Horizon). ئەم تەنانە لە ڕووی قەبارەوە جیاوازن، نزیکترین چاڵە-ڕەش لە ئێمەوە سێ هەزار (3000) ساڵی ڕوناکییە. بەڵام ئەمە زۆر گەورە نییە تەنها دوو ئەوەندەی بارستایی خۆرە. گەورەترین چاڵە-ڕەش کە لە نێو گالاکسییەکەی ئێمەدا هەیە ناوی ساگیتاریەس ئەی* (Sagittarius *A)ە و بارستاییەکەی نزیکەی چوار (4) ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرە و نزیکەی (26 000) ساڵی ڕوناکی لە ئێمەوە دوورە. ئەم چاڵە-ڕەشە لە نێو چەقی گالاکسی ڕێچکەی شیری (Milky way)دایە، بێگومان سیستەمی خۆریش لە باوەشی ئەم گالاکسییەدایە. با ئەوەش بڵێین ئێستا لەم ساتەدا من و تۆ خوێنەری بەڕێز لە هەقیقەتدا بە دەوری ئەم چاڵە-ڕەشەدا بە خێرایی نیو ملیۆن میل لە سەعاتێکدا دەسوڕێینەوە. ئەم تەنانە هەتا بڵێی شتێکی سەیر و ترسناک و سەرنجڕاکێشن، هەندێک پێیان دەڵێن خێوەکانی ئاینشتاین، چونکە بەرهەمی شیکاری هاوکێشەکانی تیۆری گشتی نسبی-ن، بەڵام ئاینشتاین هەتا مردیش ئینکاری هەبوونی ئەم جۆرە تەنانەی دەکرد، لای وی سروشت هەرگیز شتی وا ناقۆڵا ناخوڵقێنێت. بۆیە پێیان دەگوترێت چاڵە-ڕەش چونکە کێشكردن لەم تەنانەدا ئەوەندە چڕ و بەهێزە کە هەموو شتێک، هەموو خاشاکێک و هەموو ئەستێرەیەک لە نزیکی خۆیان قووتدەدەن و هەڵدەڵووشن، بێگومان بە ڕووناکییەوە. بەمجۆرە کاتێک باس لەم تەنە ترسناکانە دەکەین، ئینسان پێویستە ئەو هەقیقەتە بڵێت کە تەجروبە لەسەر ئەم تەنانە هەتا بڵێی شتێکی مەحاڵە.
ستیفن هۆوکین هەندێک لەو ڕێسا و یاسایانەی داڕشت کە چۆن لەگەڵ ئەم تەنانەدا، واتە لەگەڵ ئەم چاڵە-ڕەشانەدا، ئاخافتن ئەنجام بدەین و بزانین ڕەوشیان چۆنە و چۆن کاردەکەن!`تەنانەت گەیشتە ئەو پێشبینییەی چاڵە-ڕەش سەرەنجام دەمرێت و کۆتایی دێت و بوونی نامێنێت، چونکە چەمکی چاڵە-ڕەش بە جۆرێک بوو کە ئەم ئەستێرەیە کاتێک هەرەس دەهێنێت چاڵێک دروست دەکات کە هەرگیز بنی نییە و هەتا ئەبەد هەر دەژی. ئەمە چەمکی سەرەکی شۆڕشی هۆوکین بوو، واتە مەرگی چاڵە-ڕەشيکان. ستیفن هۆوکین ئەم بیرکردنەوە تەقلیدییەی گۆڕی کە دەڵێت چاڵە-ڕەشەکان نەمرن. یاساکانی میکانیکی کوانتەمی و تێرمۆداینەمیکی خستەگەڕ بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی گەرمی لە گەردوندا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ڕۆژێک دێت لەگەڵ ڕەوتی زەمەندا، لەوانەیە ئەم چاڵە-ڕەشانە ببنە هەڵم و چیتر بوونیان نامێنێت، بەڵام ئەمە ملیۆنان، ئەگەر نەڵێین بلیۆنان ساڵ دەخایەنێت. ئەم پێشبینییەی ستیفن هۆوکین هەتا بڵێی شتێکی نایاب بوو. مەخابن، هۆوکین کاتێک مرد کە ئینسان لە سەرەتای دەسپێکی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بوو لەسەر چاڵە-ڕەش، هەرچەندە ئەم گوتەیە لە شتێکی شیتانە و غەریب دەچێت، بەڵام کە دەڵێین چاڵە-ڕەش مەبەست لەو چاڵە-ڕەشە ترسناکانە نییە لە نێو چەقی گالاکسییەکاندا حزوریان هەیە، بەڵکو مەبەست لەو تەجروبانەیە لە ناوەندی تاودەری تەنۆلکەیی ئەنجام دەدرێت، بە تایبەتیش مەبەستمان لە بنکەی پێکدادانی مەزنی هادرۆن-ە(Large Hadron Colliders) لە وڵاتی سویسرا. لەم ناوەندەدا وزەیەکی زۆر بەرز دەڕژنە تەنۆڵکەکان و ئنجا ئەم تەنۆلکانە پێکەوە وەها دەهاڕن و چڕدەکەنەوە و دوایی بڕێکی ئەمەندە بەرز وزە پەخشدەکات بۆ ئەوەی چاڵە-ڕەشی زۆر زۆر بچکۆلە بونیات بنێن. ئەم پرۆسەیە هەتا بڵێی سەلامەتە و هیچ ترسێک ناخاتە ئاراوە. هۆوکین ئەوەی خستەڕوو کە چاڵە-ڕەشەکان دەبن بە هەڵم و لەناودەچن، ئنجا هەتا بچکۆلەتر بن ئەوا خێراتر دەبن بە هەڵم و دەمرن. بەمجۆرە ئەم چاڵە-ڕەشە هەرە بچکۆلانە، بێگومان ئەگەر بەخت یارمان بێت و بتوانین کەشفیان بکەین یان بە وردی دیارییان بکەین. ئەمانە لە یەک لەسەر ملیۆنی چرکەیەدا دەمرن.
بنکەی فیزیکی تەنۆڵکەیی هادرۆن دەستی ناگاتە ئەو هەموو وزەیەی لە ڕووداوەکانی دەوروبەری خۆماندا بوونی هەیە، لەم ساتەدا بڕێکی ئێجگار زۆر تەنۆلکە کە وزەیەکی بەرزیان لەخۆگرتووە دەڕژێنە ئەو ئەتمۆسفیرەی تەنها دوو سێ کیلۆمەترێک لە سەرمانەوەیە، ئەمانە سەدان جار ئەوەندەی ئەو وزەیەن کە هادرۆنی گەورە بتوانێت بیگاتێ. بەمجۆرە ئەوەی ئیشارەی پێدەدەین لێرەدا ئەوەیە مومکینە چەندەها چاڵە-ڕەشی زۆر زۆر بچکۆلە لە دەوروبەرمان دروست ببن، ئینجا ئەوەندە زوو دەبنە هەڵم کە مەحاڵە ئینسان بتوانێت کەشفیان بکات.
ستیفن هۆوکین چیکرد؟
هۆوکین پێشبینی ئەو بڕە پوختە وزەیەی کرد کە چاڵە-ڕەش پەخشیدەکات کاتێک دەبێت بە هەڵم. هیچ دوور نییە لە زەرفی چەند ساڵی داهاتوودا بتوانین تێڕامان لەسەر ئەم دیاردەیە ئەنجام بدەین، بێگومان لە تەنۆلکە تاودەرەکاندا، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت کە هۆوکین ڕاست بووە. شتێکی تریش کە کاریگەرە و ستیفن هۆوکین بەر لە مردنی بە دوو ساڵ دەستیکرد بە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە تیۆرییەکانی پێشتر. بیریکردەوە کە پێدەچێت لەمەڕ میکانیزمی چاڵە-ڕەشەوە دووچاری چەواشە بووبین پێشتر، لەوانەیە چاڵە-ڕەشەکان بەوجۆرە کارنەکەن کە ئێمە تەسەورمان دەکرد.
لە سەردەمی ئێستاماندا دەزانین چاڵە-ڕەش بوونی هەیە، ئەم تەنە زەبەلاحە ترسناکانە دەبینین و دەکەونە ناوەڕاستی گالکسییەکانەوە و لە فەزادا بوونیان هەیە، بەڵام بە هەقەت، هەر بە ڕاستی تێنەگەیشتووین ئاسۆی ڕووداو-ی ئەم تەنانە چۆن کاردەکات. ئاسۆی ڕووداو بریتییە لەو بازنە هەورییەی دەوری چاڵە-ڕەشی داوە، ئەوەی گەیشتە نێو سنوورەکانی ئاسۆی ڕووداو ئەوا هەرگیزا و هەرگیز گەڕانەوە بۆ دواوە بوونی نییە، چوونەژوور هەیە بەڵام گەڕانەوە نەخێر. بە ڕاستی ئەمە دەڤەرێکە وەکو زیندان، تەنانەت ڕوناکیش، بەو خێراییە هەرە بەرزەوە مۆڵەتی دەرچوون و هەڵاتنی لەم دەڤەرە نییە. هۆوکین خەیاڵی بۆ دیاردەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش چوو، باشە ئەگەر میکانیکی کوانتەم مۆڵەت نادات بە دیاردەی ئاسۆی ڕووداو-ێکی ڕاستەقینە. لێرەدا هۆوکین پەنای بردە بەر شتێک لە کوانتەمدا پێی دەگووترێت بەیەکداچوونی کوانتەمی (Quantum Entanglement)، ئەم دیاردەیە هەتا بڵێی سەیرە، ئەگەر دوو تەنۆڵکەمان هەبێت، دەتوانین ئەم دوو تەنۆلکەیە بە شیوەیەک یەکبخەین، کە یەکێک لە تەنۆلکەکان دەتوانێت کاردانەوی بەرامبەر ئەوی تر هەبێت، بە واتایەکی تر دەبێ هەردوکیان خۆیان وەها بگونجێنین کە تەنۆلکەیەکیان هاوشێوەی ئەوی تر خۆی ڕێکبخات.
هەتا ئێستا نازانین ئەم دیاردەیە بۆچ بەمجۆرەیە، سەد ساڵ زیاترە ئێمەی مرۆڤ دەرکمان بەم هەقیقەتە کردووە، تەنانەت ئاینشتاین خۆشی ئیشارەی پێداوە و ئاگاداری بەیەکداچوونی میکانیکی بووە. بەڵام ڕوودەدات ئەگەر دوو تەنۆلکەی لەمجۆرە، ئاوا بەمجۆرە پێکەوە بەستراون، یەکێکیان ئاسۆی ڕووداو قووتیدەدا و دەڕژێتە نێو چاڵە-ڕەشەکەوە و ئەوی تریان دەرباز دەبێت و دەڕژێتە نێو فەزاوە، پرسیارەکە ئەمەیە، ئایا ئەم دوو تەنۆلکەیە هێشتا پێکەوە گرێدراون؟ ئایا ئەم دوو تەنۆلکەیە هێشتا دەتوانن پێکەوە بدوێن؟ ئەمە لە کاتێکدا هەموو دەزانین زانیاری لەودیو سنورەکانی ئاسۆی ڕووداوەوە جارێکی تر نایەتە دەرەوە و بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە نێو فەزای ئاسایی. ئەم پرسیارە بوو بە هاندەرێک بۆ ئەوەی هۆوکین بە چەمکیێکی تر و نوێ بیربکاتەوە. بەمجۆرە بە ئاقارێک بیریکردەوە کە گوتی لەوانەیە بەیەکداچوونی کوانتەمی بەڵگەیەک بێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنی سادە و ساکاری ئێمە لەمەڕ چاڵە-ڕەشەکان هەڵەبێت، بیری لەوە کردەوە ئایدیایەکی نوێ لەمەڕ چاڵە-ڕەشەکان بەرجەستەبکات، ئایدیایەک بەوەی چاڵە-ڕەشەکان چۆن لەگەڵ بەیەکداچوونی کوانتەمیدا کارلێک دەکەن و ڕەوشیان لە بەرامبەر یەک چۆنە! بەڵام مەخابن، خۆی، ئەو ئینسانە گەورەیە، واتە ستیفن هۆوکین چیتر لێرە نەماوە هەتا لەم بوارەدا ڕێبەریمان بکات، بەڵێ ڕاستە هەندێک فیزیکزانی زیرەک هەن جڵەوەکەیان گرتووەتە دەست و لەو باوەڕەداین گەلێک زانیاری نوێ لەمەڕ بەیەکداچوونی کوانتەمی-مان بۆ کەشفدەکەن و پاشان چۆن چاڵە-ڕەشەکان مامەڵە لەگەڵ بەیەکداچوونی کوانتەمی دەکەن. لەو باوەڕەداین لەوانەیە بازدانی گرنگ و بەرچاو ڕووبدات کە هاوتای شۆڕشی ئاینشتاین-ێکی تر بێت. دوور نییە یاساکانی فیزیکی هاوچەرخ هەرەس بهێنێت چونکە لە سەردەمی ئێستادا توانای تێگەیشتنی ئەو ڕاستییەمان نییە چۆن بەیەکداچوونی کوانتەمی و چاڵە-ڕەشەکان پێکەوە کاردەکەن و کاریگەر و ڕەوشیان بەرامبەر یەکتر چۆنە. بەڵێ ئەو کاتەی ئەم ڕەوشە تێگەیشتین و لەم میکانیزمی کارلێکە حاڵیبووین، ئەوا سەرتاپا جۆرە فیزیکێکی نوێ لەدایکدەبێت، بەمجۆرە ستیفن هۆوکین، هەرچەندە خۆی ماڵئاوایی ئەبەدی کردووە، بەڵام بە بێ هیچ گومانێک دەبێت بە یەکێک لە ڕابەرە گەورەکانی ئەم بزافە نوێیەی فیزیک.