بۆ كوێ ئەرۆی جەنەراڵ؟
  2019-10-24       2629       

سەردار قادر


بۆ كوێ ئەرۆی جەنەراڵ ؟ ئەم لەشكرەی پاییزت بۆ كێ جێ ئەهێڵی ؟ئەم گەڵا رێزانە كێ سەرەو كاری بكات ؟ ئاخر جەنەراڵ لە م شەرە ناهەموارە ئەم لەشكری خەمی پاییزە چۆن یێ سەركردە جێ ئەهێڵی ؟
گەڵای پاییزمان جارانێ بێ ناز نەبوون ، تۆیان هەبوو جەنەراڵێك چاوەرێیان بوو بۆ كوێ ئەرۆی ؟؟
تۆش هیلاك بووی لەشكرێك لە گەڵاو لەشكرێك لە گەنجانی ئێوارانی سەهۆڵەكەو چایەكی سەرخەڵوزی سەهۆڵەكە تەنیا جێ ئەهێڵی ؟؟
بۆ كوێ ئەرۆی هاورێ
ئاخر  پێش چەند رۆژێك شارم  پر بوو لە خەم بۆ نەتهێشت كەمێك ئیوارەی شارمان هێمن بێت ، بۆ نەتهێشت شارەكەت لە چاوەروانی مەرگی شەرفاناندا هەناسەی خەم هەڵمژێت .
چاوەرێ ی باڵای بەرزت بووین لە خۆپیشاندانەكاندا بتبینین ، زۆرمان پێویست بە لەشكری پاییزت بوو لاشەی شەهیدانی رۆژئاوا داپۆشێت ، بۆ وات كرد هەمویان روو لە ئیسكان و سەیوان بكەن ئەمرۆ رەشەبای شار مەوداكەی تێك چووە هەرچی گەڵای شار هەیە روو لە گۆرەكەت ئەكات.
شەقامەكان ئەمرۆ هەموو خاوێنن و سەرقەبرانی شارم بۆتە دارستانێك لە گەڵای رەنگ زەردی وەریو .
جەنەراڵ بۆ تووشی غوربەتت كردین لە ووڵاتدا ئیتر كەس پێویستی بە هیجرەت كردن نیە ، هەمووان لە ووڵاتدا غەریبین .
كۆچ مەكەو لە سەهۆڵەكە ئێواران گەورەترین غەریبی دونیای
ئەم شارەمان بێ خەم هەڵناكات قەدەری شارە بە خەمەوە بژی
ئەم شارەمان میزاجی كوردەواری تێك چووە هەی دەروێشی پاییز
ئەم شارە بۆتە پرسەی هەمیشەیی
لەوێ را قەڵەمەكەی خانی ناس لەوێ را دووگەنجی میدیاكاری دەم وچاو پر لە خەندە   لێرە را چەنەراڵەكەی پاییز .......
ئیتر هەموان چاوەرێ ی وەیشومەی هەواڵی نوێن
لە رۆژئاوا بێت یان لە ماڵێكی هەژار نشینی شارم یان شیوەنی عەشقێك لە زەمەنی فەنا بووندا
 ...
بۆ كوێ ئەرۆی جەنەراڵ

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×