2019-10-22   2542     
جوان حاجۆ گۆرانیبێژی بەناوبانگ لەبارەی ڕۆژئاواوە نامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای پشتگیری بۆ ڕۆژئاوا دەکات.
ئاوێنه: جوان حاجۆ گۆرانیبێژی بەناوبانگی کوردی لە ڕێگای تویتەرەوە داوای لە هەموو جیهان کرد کە پشتگیری بکەن لە ڕۆژئاوا و دژی هێرشە سەربازیەکەی تورکیا بوەستنەوە کە چەندین تاوانی جەنگی تیا ئەنجام دراوە.
لە نامەکەیدا هونەرمەند جوان حاجۆ پەیامی نارد بۆ هونەرمەندەکانی جیهان بۆ ئەوەی لەسەر ڕۆژئاوا بێنە دەنگ وەک ژۆوان بایز و ئێریک کلاپتۆن و رۆجێر واتەرز و میتالیکا ئۆزی ئۆسبۆرن و لێد زیپیلین و ئایرۆن مەیدێن و رادیۆهێد. داوا لەو هونەرمەندانە دەکات کە بێنە دەنگ و ئەم هێرشانەی تورکیا بە گروپە جیهادیەکان ناو دەبات و دەڵێت بەهەمان شێوەی ئەوان تاوان ئەنجام دەدەن. داوای لێیان کرد کە دەنگی ڕۆژئاوا بگەیەننە جیهان.
جوان حاجۆ دەڵێت ''من ئەمرۆ داواتان لێدەکەم نەک وەک هونەرمەندێک بەڵکو وەک هاوڕێیەک و مرۆڤێک. لەمڕۆدا کوردەکان کەوتونەتە بەر هێرشی داگیرکەرانەی تورکیا لە سوریا کە بە هاوپەیمانی لەگەل گروپە جیهادیەکان تورکیا تاوان ئەنجام دەدات بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردی ئەو ناوچەیە. کە ئەمانە هیچیان کەمتر نیە لە گروپە چەکداریەکانی قاعیدە و جینۆساید ئەنجام دەدەن بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی لە سوریا. ئێمە ئەم جەنگەمان هەڵنەبژارد بەڵکو سەپێندرا بەسەرماندا کە لە لایەن داعشەوە هێندرا بەسەر هاوڵاتیەکانمان. خەڵکی کورد بەردەوام بوون لە شەڕ کردن بەرامبەر داعش و ١٠ هەزار جەنگاوەر گیانیان بەخت کرد''.
هەروەها دەڵیت ''لە گرژیەکانی سوریا کوردەکان پارێزگاریان کرد لە مەسیحیەکان و یەزیدیەکان و سریانیەکان و عەرەب و کوردەکان. لەکاتێکدا لە سەرانسەری سوریا ئاشتی و ئارامی هەبوو لە ٩ی مانگی ١٠هێزەکانی تورکیا بە پاڵپشتی کردنی هێزە جیهادیەکان هێرشیان کردەوە سەرمان و دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی. لەوکاتەوەی کە تورکیا دەستی کردووە بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە باکوری سوریا سەدان کەسی بێتاوانی کوشتووە و ٣٠٠ هەزار کەس ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تورکیایان تۆمەتبار کرد بەوەی تاوانی جەنگی لە سوریا ئەنجام داوە''.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ تورکیا بۆ ئەوەی دەستبکات بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە سوریا گرژی و ئاڵۆزیەکانی سوریای بەوە وێنا کرد کە دوو منداڵ لە ناو لمدا شەڕ بکەن. ئەم وەسفکردنە نابەرپرسیارانە و شەرمەزاریانەی ترەمپ پێشێل کردن و بێرێزی کردنە بەرامبەر هەموو ئەوانەی گیانیان بەخت کرد بۆ بەرگری کردن لە دژی تیرۆریستان و داگیرکەران. نزیکەی ساڵێکە تورکیا بەردەوامە لە جینۆسایدکردنی کوردەکان. لە ئێستاشدا تورکیا بەتەمامە کە پاکتاوی نەتەوەیی کورد بکات لە سوریا و هەوڵ دەدات کە داعشەکان بەهێز بکاتەوە بۆ ئەوەی دژی کوردەکان بەکاریان بهێنێت و کوردەکانیان پێ لەناو بەرێت. ''هاوڕیکانم داواتان لێدەکەم کە دەنگتان بەرز بکەنەوە دژی حکومەتی تورکیا کە وەحشیگەرانە کەوتۆتە گیان خەڵکی مەدەنی و بێتاوان. پێکەوە دەتوانین ژیانی ملیۆنان کەس رزگار بکەین. ڕێگا مەدەن ئەم جینۆسایدە بەردەوام بێت!''.