ئاندرو شافەر
وەرگێڕانی: سامان عەلی
"بۆچی خۆشەویستی دەوڵەمەندترینی هەموو ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی و بارێکی شیرین بووە لە ئەستۆی هەر کەسێکدا کە کەوتووەتە داوییەوە؟"
ئەو خوێندکارانەی لە سەرەتای خوێندنی فەلسەفەدان، ڕاسپاردەی ئەوە ناکرێن هایدیگەر بخوێننەوە. لەبەر ئەوەی کتێبەکانی هایدیگەر پڕن لە پارچە نووسینی وەک "بوون، لە هیچ شتێکی وەک بوون ناچێت... چونکە ئەو شتەی بوون دیاری دەکات، بوونێکی تری وەک خۆیەتی، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە بە ڕاستی بە هۆیانەوە دەرک دەکرێت". بۆ خۆشبەختی، بۆ زانینی ژیانی سۆزداریی هایدیگەر، بڕوانامەی باڵا پێویست نییە.
ساڵی١٩١٧ هایدیگەر هاوسەرگیریی لەگەڵ ئالفرێدا پیتری کرد و، نزیکەی شەست ساڵ پێکەوە ژیان و مانەوە. بە چاوپۆشیکردن لە هەندێک لە هەڵسوکەوتی بەربڵاو و دڵنیای هایدیگەر لەگەڵ کچە خوێندکارەکانیدا لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی، جیانەبوونەوە و تەڵاق نەکەوتە نێوانیانەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هایدیگەر، پەیوەندیی لەگەڵ هانا ئارێنتی کچە خوێندکاری، پەیوەندیی هەرە دیار و بەرچاوێتی. هایدیگەر بۆ کچە خوێندکارە هەژدە ساڵانەکەی خۆی نووسیووە و دەڵێت: "خاتوو ئارێنتی خۆشەویست! دەبێت ئێوارەی ئەمڕۆ بتبینم، تاکو بۆ دڵت بدوێم". کاتێک ئارێنت ئەو شەوە چوو بۆ لای بۆ نووسینگەکەی لە زانکۆی ماربورگ سەردانی کرد، بۆ یەکەم جار خۆشەویستییان گۆڕییەوە. بابەتی ئەوەی کە هایدیگەر مامۆستا بوو و ئارێنت خوێندکاری بوو، بۆ ئەوان شتێکی قورس نەبوو، چونکە شتەکە تەنها "ڕووداوێک" بوو "بەسەریاندا" هات. هایدیگەر بۆ کچە خوێندکارە دڵخوازەکەی خۆی نووسیوە و دەڵێت: "هەرگیز ناتوانم بتکەم بە موڵکی خۆم، بەڵام بۆ لەمەودوا تۆ بەشێکیت لە ژیانی من". هایدیگەر و ئارێنت، بۆ چوار ساڵی دواتر، لەسەر پەیوەندیی خۆشەویستیی جەستەیی نێوانیان بەردەوام بوون. نووسینگەکەی و دارستانەکە، کە لە زانکۆوە نزیک بوو، شوێنی ژوانیان بوو. سەروەختێک لە ساڵی١٩٣٣دا هایدیگەر پەیوەندیی بە پارتی نازییەوە کرد، ئارێنتی بە نەژاد جوو، کۆچی کرد بۆ ئەمەریکا.
لە پاش جەنگی دووەمی جیهان ئارێنت بیری لەوە کردەوە لە هاوڕێیەتیی (نەک لە پەیوەندیی خۆشەویستی) لەگەڵیدا تێهەڵبچێتەوە. ئەو کات ئارێنت مێردی کردبوو بەڵام خۆی بە ئەوینی ژیانی هایدیگەر دەزانی نەک ئالفرێدا. پاش ئەوەی ساڵی١٩٥٠ چاوی بە هایدیگەر کەوت، بە ئاشکرا لە دژی ئەو ڕەخنە توندە بەرگری لێ کرد کە ئاراستەی ڕابووردووی لە پارتی نازیدا کرا. هاوکات خانمی پڕۆفیسۆر ئێلیزابێت ئیتینگەر، کە نووسەری کتێبێکە بە ناونیشانی "هانا ئارێنت/ مارتین هایدیگەر" بە گۆڤاری نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندبوو کە: "هەر کەسێک ئاشنای ئەوین و هەست و سۆزە ڕاستەقینەکان بێت، لێبووردەیی ئارێنت بەرامبەر بە هایدیگەر بە شتێکی سەیر و نامۆ نابینێت.. لەبەر ئەوەی ئەوین لە بنەڕەتدا شتێکی نالۆژیکییە و، ئێمە لە بەرامبەریدا دەسەپاچەین".
بەم دواییانە پەیوەندییە خۆشەویستییە جەستەییەکانی ژنەکەی هایدیگەر لە دەرەوەی سنووری هاوسەرگیریدا ئاشکرا بوو، چونکە دەرکەوت هێرمان- ی کوڕیان بەرهەمی پەیوەندییەکی سێکسیی ئالفرێدایە لەگەڵ دۆستێکی خێزانەکە، ئەمە ڕازێک بوو تەنها لە کاتی بڵاوکردنەوەی "نامە بۆ هاوژین" لە ساڵی٢٠٠٥دا ئاشکرا بوو، کە کۆمەڵێک نامەیە لە نێوان ساڵانی١٩١٥-١٩٧٠ لە نێوان هایدیگەر و ئالفرێدای هاوژینی ئاڵوگۆڕ کراون.
لە زاری هایدیگەر خۆیەوە:
کۆدی هایدیگەر
تەنانەت سەبارەت بە بابەتێکی وەک خۆشەویستییش، نووسینەکانی هایدیگەر زیاتر ئاڵۆز بوون وەک لەوەی ڕوون بن. ئێمە داوا لە کۆدشکێنە شارەزاکان دەکەین کۆدی ئەم وشانەی هایدیگەرمان بۆ بشکێنن:
"ئێمە خۆمان دەگۆڕین بۆ ئەو شێوەیەی خۆشماندەوێت، بەڵام هەر وەک خۆمان دەمێنینەوە. پاشان دەمانەوێت سوپاسی ئەو کەسە بکەین کە خۆشماندەوێت، بەڵام شتێک نادۆزینەوە بەگوێرەی پێویست ئەوە بەجێ بهێنێت. تەنها دەتوانین سوپاسگوزاری خۆمان بین، لەبەر ئەوەی ئەوین وا لە پێزانین دەکات بۆ بڕوابوونی تەواوەتی بە خۆمان و بڕوابوونی رەها بە ئەوانی تر بگۆڕێت. بەڵام ئەوین بەردەوام ڕازە هەرە تایبەتەکان بڵاو دەکاتەوە، چونکە لێرەدا لێکنزیکبوونەوەکە لە مەودا و ماوە دوورەکاندایە لە ئەوانی ترەوە- ئەو مەودا و ماوەیەی هیچ شتێک ناسڕێتەوە- بەڵکو "تۆ" بە شێوەیەکی ڕوون دەردەخات، بەڵام "ناڕوون" لە دۆزینەوە لە "تەنها لەوێ". بوونی ئەوانی تر کە دێنە ژیانمانەوە- ئەوەی کە هیچ هەستێک ناتوانێت بە تەواوی لە خۆی بگرێت".