نەبەرد فوئاد
هەر پرۆژەیەكی هونەری، فەلسەفی، كە لە لۆژێك دووردەكەوێتەوە، بێ ئەوەی بەسەر خۆتدا زاڵ بیت،هەست دەكەیت سوكایەتیت پێكراوە، سوكایەتی بەرامبەر كات، جێهێشتی كاروبارت... هەتا دوایی. نزیكەی 25 سەدە لەومەبەر ئەرستۆ، نووسینەوەی شانۆی لە چوارچێوەی لۆژیك"مەنتق" داناوە. شوێنكەوتووانی لە ژێر چەمكی"ئۆرگانۆن" كاریان لەسەر كردووە. چەمكی ئۆرگانۆن لە زمانی گریكیدا بە واتای "ئامێر"یان با بێژین ئەرستۆ بە ئامێری زانست ناوی بردووە. بۆیە ئەم چەمكەی داهێناوە تاوەكو پڕۆژە هونەری و فەلسەفییەكان بە شێوەی لۆژێك بەڕێوە بچن، ئەگەرنا ئەو پڕۆژەیە بە هیچ لۆژیکێك قەبوڵكراو نییە.
لە ئێستادا زۆربەی دراما كوردییەكان بە قەیران و دۆخێكدا تێدەپەڕن، كە دوورن لە لۆژیكەوە، هەست بەوە دەكەیت تۆی بینەر گێل بیت، یاخود ئەوەندە تامەزرۆی بینینی ئەو ئەستێرانەی، بیرت دەچێتەوە كە چیرۆك یان سیناریۆكە پڕە لە هەڵەی باو و زەق. تۆی نووسەر كە دەقێك دەنووسیت مەرج نییە ڕێك هاوشێوەی ئەو بیرۆكەیە بێت كە پێشكەشت كراوە، لەبەر ئەوەی پڕۆسەی نووسین پڕۆسەیەكی داهێنەرانەیە نەك ساقۆ و كراسێك بێت بە دڵی كڕیار یان سەردانیكەرەكەت بیدوریت.
یەكەمین پرسیارێك كە وەك نووسەر لە خۆتی دەكەیت، دەبێت بپرسی، ئایا شانی ئەم بیرۆكەیە زنجیرەی تەلەفزیۆنی هەڵدەگرێت؟ یان بۆ فیلمێك گونجاوترە؟ ئەگەر بۆ فیلم بێت چی دەكەیت؟ ئەگەر بۆ زنجیرە بێت چی دەكەیت؟. لە هەموو دۆخێكدا دەبێت كار لەسەر لۆژێك بكەیت. هەتا چەند ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی ئۆرگانۆن خۆی دەبینێتەوە؟ پاشان كە لە پێوانەكردنی شتەكان بوویتەوە دەتوانی ڕەگەزەكانی بونیادی دراماتیك بنووسیتەوە.
هەربۆیە ئێژم، ئەگەر هەر دەقێك لۆژیكی تێدا نەبێت، نابێت هیچ دەرهێنەرێك یان ئەكتەرێكی ناودار كاری لەسەر بكات. ئەی مەگەر ناڵێین هەموو دەقێك لە دە لاپەڕەی یەكەمییەوە دەزانین شایانی كاركردنە یان نا؟ دەی ئێستا با بزانین نالۆژیكی زنجیرەی "بەرەو بەرزاییەكان" لە كوێدایە؟
لە سەرەتای زنجیرەكە، باس لە هاتنی تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەكەیت و مامۆستایەك خەریكی یاریكردنە لەگەڵ خوێندكارەكانی. بۆچی ئەبێت بە نەوەكانی داهاتوو بڵێین دا...ش لە وەرزی خوێندن هاتن؟ مەگەر ئەوان لە مانگی ئابی 2014 نەهاتن؟ كوا ئەو كاتە دەرگای قوتابخانەكان كرابوونەوە؟.دوای هەڵھاتنیان لەناو تانكییەكی ئاون، كۆردۆ بە ژنەكەی دەڵێت "خۆ ئەوە هەمووی ئاوە."! ئەبێت بینەر بە چی تێگەیشتێبێت كە بە دیالۆگ وەسفی شلەمەنیەكە دەكات.؟! باسی تانكیەكە ناكەم كە دوو كونی لێكراوە تەنیا بۆ ئەوەی كۆردۆ دەرەوە ببنینت! هەر ئەمەیە ستانیسلاڤیسكی ئێژێت" ئەگەر ئەكتەر هەرچی ئەنجام دەدات سەرەتا دەبێت بۆ خۆی جێگای باوەڕ بێت، پاشان بۆ هاوئەكتەرەكەی ئەمجا بینەر." بەم پێیە بێت كێ لە ئێوە باوەڕی بەو دیمەنە كرد؟.
زۆرێك لە ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە ناوە ئاساییەكانی خۆیان دەگۆڕێ و ناوی دینییان لە خۆیان دەنا، بە چ بیانوویەك ناوی ئەندامێكی ئەو گروپە دەنێیت "ئەبو جەهل" ؟ ئایا ئەمە لۆژیكە؟. لۆژیكی تر نەبوو ئەگەر كۆردۆ و ژیان لەو زنجیرە نەبونایە؟! ئاراستەی ڕووداوەكان چی لێ بەسەردەهات؟ هیچ. بگرە ئەوەندە هێلی كوردۆ و ژیان ماییەی نالۆژیك بوون بوو، ئەوەندە كۆی چیرۆكەكە نالۆژیك نەبوو.! .
لەگەڵ دەسپێكدا، فڕێدەدرایتە ناو چەند چیرۆكێك كە "كات و شوێن" تێیدا ونە. پەرۆش بۆكسێكی لە پۆلیسێك داوە، لە كوێی دونیا هەبووە ئەفسەری پلە یەك و پلە دوو كۆڵان بە كۆڵان بە شوێن عەرەبانەچییەكدا ڕابكەن بۆ گرتنی؟ بە ئەرك نەبێت لە ماوەی چوار چركەدا لە بێ تەلەكانەوە بانگەشەی گرتنی كێ ئەكەن؟ بەو مەودا كەمە فریای كردنەوەی كۆدەكەش ناكەویت. هەموو ئەمانە چۆن تێپەڕین؟ لۆژێك لە كوێدایە هێزێكی گەورەی پۆلیس تەوقی باڵەخانەیەك بدەن بۆ دوو كەس؟ لە كاتێكدا كارزان بەئاسانی دەیتوانی لەو ماڵە بێتە دەرەوە، چونكە جگە لە خاوەن خەزێنەكە كەس نەیدەزانی ئەو دزەكەیە! ئەو هەموو ڕوداوە واپیشان دەدرا لە رۆژێكدا ڕوویداوە؟ بە لۆژیك ئەم پرسیارە با لەخۆمان بكەین، بە رۆژێك دوو هەڵهاتوو دەتوانێت سەردانی باڵەخانەیەك بكات؟. ئەو هەموو پۆلیسە ئەگەر هەر یەكێكیان لە نهۆمێك بوەستایەن لە ئەڵقەی دووەم هەردووكیان دەستگیر دەكران.
ئێمە نەوەی ڕاكردن و كۆڕەوین، هەتا ئێستا ڕوویداوە دوو كەس لە شارێك یان گوندێك لە كاتی كۆڕەوەكە لە گەل خۆیان دابڕابێتن، بە تەنیا بەڕێگاكەی دیكەدا بڕۆن؟. ئەوانەی كە هەڵاتن بۆ كوێ چوون؟ چیان لێ هات؟.
مرۆڤ لەكاتی هەڵاتندا تەنیا بۆڵە بۆڵیەتی، هەیە شوكرانە بژێرە و هەشە كوفرانە بژێر. كوردۆ چەندین جار خۆی كردووە بە قوربانی هاوسەرەكەی، لە ترۆپكی ماڵوێرانیی و مردن و ڕاوەدونان فریایی"بەقوربان" ئەكەوێت؟ لۆژیکی ئەمە لە کوێدایە؟
زۆرێك لە ماڵەكان هەستت دەكرد بە ڕادان دادراوە، بێ ئەوەی خزمەت بە چیرۆكەكە بكەیت. ماڵی شامپۆكە ئەگەر نەبوایە چی ئەبوو؟ ماڵی لایڤچییەكە لە چیرۆك نەبوایە چی ئەبوو؟ جگە لەوەی بڵێن كۆمەڵە "ئەستێرەیەك" بەشدار بوون هیچی تر نەبوو. لە ئەڵقەی دوانزدە، كوڕی ماڵی تیكتۆكچی، لە دەرەوەیە لەگەڵ هاوڕێكانی و درۆ لەگەڵ باوكی دەكات كە خەریكی سەعی كردنە، لە ئەڵقەی 14هاوار دەكات كە پۆلیس تەوقی باڵەخانەكەی كردووە؟ ئەم كوڕە لە كوێوە ڕۆشتە دەرەوە، چۆن ئەو هەموو پۆلیسەی نەبینی؟ لۆژێك لە كوێدایە؟
خاڵێكی جەوهەری كە زۆر بە زەقی دیارە، مەسەلەی كوردایەتییە! كوردایەتی لە زنجیرە و فیلم بە پیشاندانی دیمەن و نواندن دەكرێت نەك بە دیالۆگ. ئەو كورداتییەی كە لەم زنجیرەیەدا پیشاندرا، وا لە بینەر دەكات بڵێت هەزاران جار ئێمە ئەو شتانەمان بیستووە. لە كۆی هەر 15 زنجیرەكە چەندین مەسەلەی ئاه و نزولەی كوردایەتی دەگەیشتە كەشكەڵانی فەلەك. گومانت بۆ ئەوە دەچوو كە دواكاری بووە كە زۆرترین باسی كورد و كوردایەتی و ماڵوێرانی كورد بكرێت.
ئەو هەموو دیالۆگە قورسە و لە نێوان دوو كەسی هەڵهاتوو لە یاسا لە پێناو چی؟ بە ویژدان یەك پرسیار دەكەم" چەند دز و دەستگێڕ و عارەبانچی" ئەگەر پۆلیس دوایان بكەوێت بیر لەوە دەكەنەوە" ژوور " بەیەك "و" دەنووسرێت یان بە دوو"وو"؟ ژانری كۆمیدی زیاتر نواندنە تاوەكو دیالۆگ.. ئێمە لەم زنجیرەیە ئەوەمان بینی كە وەكو هەمیشە بە دیالۆگ پێ بكەنین نەك نواندن.!
هەر كەسێك كاتێك دەكەوێتە تەنگانەیەكی هاوشێوەی كوردۆ و هاوژینەكەی، وەكو مرۆڤێكی خنكاوی لێدێت، دەست بۆ پووشی سەر ئاوەكە دەبات بەشكوم ڕزگاری بێت. تەنانەت ڕەنگە بیر لەوە بكاتەوە، چەقۆیەك هەڵ بگرێت. تاوەكو بەرگری بكات و شەڕ لە پێناو مانەوە بكات. كوردۆ دواهەمین مۆدێلی ئۆتۆمبیل لەناو جەرگەی گروپە تیرۆرستیەكە دەڕفێنێت و دوور دەكەوێتەوە، لۆژیك لە كوێدایە كە ئۆتۆمبیلەكە جێ بهێڵیت و چەكەكە فڕێبدەیت؟ تەنیا لایتێك لەگەڵ خۆتدا بهێنیت تاوەكو لە ئەڵقەی كۆتاییدا لەبەر رۆشناییەكەی فیشەكەكە بەو پەڕی لێزانییەوە دەربهێنیت.! ئازیزانی بەرەو بەرزاییەكان كوردۆ لە شەوێكی هاویندا و بە دیار ئاگرێكەوە بە تیشێڕتێكی نیو قۆڵەوە هەورە بروسكە لێی ئەدات و داوا لە خوا دەكات باران ببارێت و بە مشت باران بۆ هاوسەرەكەی دەبات؟!! لە كۆتایی زنجیرەكە كوردۆ لەگەڵ بەرهەمهێنەرێك قسە دەكات، دەیەوێت لە بری بینەر ڕەخنە لە ئیشەكەی بگرێت و چارەسەری ڕووكەش دەدۆزێتەوە و تاوەكو ڕەخنە لە هێڵی گشتی كارەكە نەگیرێت! چارەسەر لە شانۆ ئاسانە، بەڵام لە زنجیرە قورس و ماندووكەر!
لە زنجیرەی تەلەفزیۆنی کاتێک ڕوداوێک ڕوودەدات دەبێت بینەر بزانێت، یان ئەوەی لەلا دروست ببێت : ئەمە چۆن دروست بوو؟ ئەم جوڵەیە، ئەم دیالۆگە ، ئەم کردارە، ئەم بینراوە لە کوێوە هات؟!
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێشیینە یاخود باکگراوەندی ئەو ساتەوەختەیە کە ئیستا تۆ ئەیبینی! کاتێک ئەو بینراوەیەیی ئێستا دەیبینی ئەو پێشینە یان ئەو باکگراوەندە بەهێزەی نەبێت کە گەیاندویەتییە ئێرە، ئەوا ئێستایەکی مردوو بێگیان دەر دەچێت، واتە بینراوەکە کاریگەر و زیندو نابێت و دروستکراو و مردوو دەردەچێت.
ئەم زنجیرەیە ئێمەی بینەر خستە بەردەم کۆمەڵێک ڕووداوی هەڵوەشاوەیی فلاتی بێ باکگراوند کە وا لە ئێمەی بینەر ناکات بەدوای ڕوداوەوە ببیت! زیاتر بینەر بە دوای ئەو سات و بینراوە گاڵتەئامێزانەیە کە پێکەنینێکی سەرزارەکی کاتی پێدەبەخشێت. بۆیە لە کۆتاییشدا بینەر بەر هیچ ساتێکی قوڵی بەجێماو لەناخیدا ناکات، جگە لە هەندێ یادەوەری پێکەنیناوی. یان ڕەگەزی گەمژەیی کەسایەتییەکان وڕێكەوت زۆر بەکارئەهێنان لە پێناو پێشخستنی چیرۆك، جیا لەوەی وەک چێشتی مجێوەر دەیەوێت سەرجەم بابەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای تیا بترنجێنێ کە جێی نابێتەوە و زیادە و ناپێویستن.
ماندوو نەبن و سوپاستان ئەكەین كە بەرهەمێكی كوردیمان بینی و چاوتان ماچ ئەكەم.!