ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو
  2025-03-18       355       
رێنێ جیرارد

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

بە گشتی هەموو سەردەمێك ئارەزوو (یان پاڵنەر)ی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە نابێ لێکچوونی نێوان گێڕانەوەكان بە تێنەگەیشتنی ئارەزوو سەرسام نەبێت و وامانلێبكات تەنها بڕوامان بە لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون هەبێت! ئەگەرچی لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون بەربەستەکان دەکاتە ئامراز و نەگونجاوەكان دەکاتە هاوپەیمان.. كەواتە ئەوەی پێویستە دەستنیشانیان بكەین، ئەو جیاوازییانەیە، كە لەنێوان خودی گێڕانەوە و ئارەزووی كاراكتەرەكاندایە، لەنێوان نێوەندگیری ئارەزوو (یان بابەتی ئارەزوو) و ركابەردایە.. لێرەوەیە، كە خودی ئارەزوو مەودای نێوان گێڕانەوە و پاڵەوان و بابەتەكە دەبڕێت. دەمەوێ بڵێم لەلایەك پێویستە جیهانی سەربەخۆی گێڕانەوە و كاراكتەرەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە، لەلایەكی دیكە دەبێ باس لە ئەگەرەكانی نێوەندگیری دەرەکی و ناوەكی بكەین، نەبادا نێوەندگیری ناوەندی یەکێکیان و ویستی کەسی ناوەندی ئەویدیکە داگیر بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش باس لە نێوەندگیری بەیەكداچوو دەكەین.

 

سێگۆشەی ئارەزوو

مرۆڤ وەک گەورەترین نهێنی دەمێنێتەوە، گێڕانەوەش وەك یەكەم گەڕانی ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە زانستەکانی دیكەی بە دوای خۆیدا رادەكێشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو پێشكەوتە جیاوازەكانیش ئەگەر خەیاڵ نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئارەزووی شتێک بکات، بەو مانایە ئارەزووی مرۆڤ جگە لە بابەتی بەدواداگەڕان پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە ڕێنمایی ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، دەشێ لایەنی سێیەم لە دەرەوەی ڕووداوی گێڕانەوەدا، خەیاڵ بێت. و لە ناوەوەی گێڕانەوەشدا ركابەر.

بەو شێوەیە لە گێڕانەوەدا پەیوەندی لەنێوان پاڵەوان و نێوەندگیردا سەرهەڵدەدات، بە مانایەكی دیكە لەگەڵ ڕەخنەگری فەرەنسی رێنێ جیرارد و (سێگۆشەی ئارەزوو- مثلث الرغبة)دا تیشک دەخەینە سەر گێڕانەوە و خواستی لاساییكردنەوە. (رێنێ جیرارد) پێمان دەڵێت، کە ئارەزووەکانمان لە ئێمەدا بوونیان نییە، تەنها لاساییكردنەوە و دەنگدانەوەی ئارەزوو و خواستەکانی ئەوانیدیكەن، هەرگیز ئارەزووەکانمان پاڵنەری تاکەکەسی نین، بەڵکو پاڵنەری بە کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین.

كەواتە بۆ روونکردنەوەی گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشیاری مرۆڤ و (ئارەزوو)ەوە قسە لە پرسی ئازادی هەڵبژاردن (خەیاڵی هەڵبژاردن) دەكەین. لەو قسەكردنەشدا مەبەست ئەوەیە، کە بڵێین پەیوەندی نێوان کەسی ئارەزووخواز و بابەتی خوازراو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو بە نێوەندگیر(یان ركابەر)دا تێدەپەڕێت! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئارەزوو فۆرمی نوێنەرایەتیکردنی ئارەزوو وەردەگرێت، کە هەر (سێ) لایەنەکەی ئارەزوو، واتە (کەسی ئارەزووخواز و نێوەندگیر و مەبەستی خوازراو) دەگرێتەوە. رێنێ جیرارد لە بنیاتنانی ئەم تیۆرییەدا پشت بە تیۆری لاساییکردنی (ئەفلاتون) دەبەستێت، کە (ئەرستۆ) فراوانتری کردووە و ڕەهەندێکی ڕەفتاری بۆ زیاد کردووە، كە بە گێڕانەوەی خەیاڵی ناسراوە. بەو مانایەش بە بۆچوونی جیرارد، ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو ساتێک ڕۆڵی ئارەزوو-پاڵنەر لە گێڕانەوەدا دەگێڕێ و هەموو بیرۆکەکانی دیکە بۆی دەگەڕێنەوە، سێگۆشەی ئارەزووە.

ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبی (رێنی جیرارد) لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەڤینۆن)ی فەرەنسا لە باوکێکی کۆماریخواز و عەلمانی و دایکێکی دینداری کاسۆلیکی لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٧ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە (پاریس) پسپۆڕی مێژووی سەدەی ناوەڕاست بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ خوێندن گەشت بۆ (ئەمریکا) دەکات و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەستهێناوە، هەر زوو لەوێ ئەدەبیاتی خوێندووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٧ ڕووی لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) کرد، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری سیمپۆزیۆمێکی (ندوة) نێودەوڵەتی لەسەر (زمانی رەخنە و زانستە مرۆییەکان) دەكات، کە تێیدا بەشداربووان بریتی بوون لە رۆلان بارت، ژاک دێریدا و ژاک لاکان.. لە ساڵی ١٩٦٨ جیرارد لە زانکۆی (بوفالۆ) رووی لە وانەگوتنەوە کرد، تا ساڵی ١٩٧٢، دواتر بۆ زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) گەڕایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ جێیهێشت و ڕووی لە زانکۆی (ستانفۆرد) کرد و تا دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٩٥ لەوێدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە ئەکادیمیای فەرەنسییەوە کردووە و بووە ئەندامێکی دیاری ئەو ئەکادیمیایە.. (رێنی جیرارد) لە كتێبی (الكذبة الرومانسية والحقيقة الروائية، ترجمة الدكتور رضوان ظاظا، ومراجعة الدكتور سعود المولى، بیروت 2008، ص522- )دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئارەزووی شتێک بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە (ركابەری) لەسەر ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، وەك چۆن قسە لە سێگۆشەی ئارەزوو دەكات، ئارەزووی لاساییكردنەوەش بیر دەخاتەوە و ئاماژە بۆ قووڵاییە کلتورییەكەی دەكات.

سێگۆشەی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بەو ئەنجامە دەگات، کە پاڵەوانی ناو ڕۆمان کاتێک ئارەزووی هەر شتێک دەکات، پێویستی بە نێوەندگیرێکە كە لەسەر (بابەتی خوازراو- ئۆبێكت) ركابەری کەسی ئارەزووكەر (سوبێكت) بكات و رووناکی بکاتەوە. ئەوەی گوزارشت لەو پەیوەندییە سێ قۆڵییەش دەکات (بۆشایی خوازە)یە، دەتوانم بڵێم بۆشایی خوازە، بۆشایی خەیاڵی نێوان ئارەزووخواز و ركابەرە، کە بە شێوەیەکی سروشتی سێگۆشەکە بەیەكترەوە دەبەستێتەوە. كتێبی ناوبراودا ئارەزوو وەک گێڕانەوە ناو دەبات.

لە ڕوانگەی جیراردەوە لە رۆمانی (دۆن کیشۆت)دا ئەوە دۆن کیشۆت و ئەمانیسی راستگۆیە دەستبەرداری ئیمتیازە سەرەتاییەكانی فەردانیەت بوون، واتە چیتر دۆن كیشۆت ئارەزووی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکو ئامادیس بەناوی خۆیەوە هەڵیاندەبژێرێت. لەوێشەوە بەپەلە بەرەو ئەو بابەتانە دەڕوات کە (مۆدێلی سوارچاکی)یە، (واتە رێنی جیرارد مۆدێلی سوارچاكی وەك نێوەندگیری) ئاماژە پێدەکات و بە نێوەندگیری ئارەزوو ناوی دەبات.  بە بۆچوونی جیرارد، ژیانی سوارچاکی لە لاساییكردنەوەی خەونەکانەوە هاتۆتە بەرهەم..

بەڵام کێشەی مرۆڤی مۆدێرن بێهودەییە، وەك چۆن ئەو مرۆڤە خۆبەزلزانە رۆمانسییە ناتوانێت ئارەزوو لە قووڵایی خۆیەوە دەربهێنێت، بەڵکو لە کەسانی دیکەی قەرز دەکات. پاڵەوانەکانی فلۆبێر جگە لەوەی خۆیان مۆدێلێکن و دەتوانرێت وەك جووڵە، تۆنی دەنگ و جل و بەرگ لاسایی بکرێنەوە، بەپێی ئەویدیکەش كار دەكەن.. لە رۆمانەكانی فلۆبیردا ئیما بۆڤاری لە رێگای پاڵەوانانی ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانەوە، كە خەیاڵیان سیخناخ كردووە، هەست بە ئارەزووی خۆی دەکات. واتە كاراكتەرەكانی فلۆبیر دووچاری هەمان نەزانی و هەمان لاوازی و نەبوونی و هەمان کاردانەوە و ملکەچی پێشنیاری هەمان ژینگەی دەرەکیین، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پێشنیارێك لەلایەن خۆیان و ناوەوەی خۆیانەوە..

دەشێ بە بۆچوونی رێنێ جیرارد هەموو بەرهەمە خەیاڵییەکان لە دوو بنەمادا كۆبكەینەوە، چونكە بەرهەمە خەیاڵییەكان خەسڵەتە لاوەكییەكانیان زۆر تێدا بڵاوە. بۆیە بۆ بنەمای یەكەم، دەتوانین باس لە نێوەندگیری دەرەکی بکەین، كە مەودایەكی تەواویان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی گێڕانەوە لە رۆمانەكاندا بەیەكدانەچن، یان نەبادا نێوەندگیری یەکێکیان ئەویدیكەیان داگیر بکات. بنەمای دووەم، دەشێ باس لە نێوەندگیری ناوەكی بکەین، کاتێک كاراكتەری رۆمانەكان بەیەكدادەچن، یان دوو بازنە لە گێڕانەوەدا بە قووڵی بەنێو یەکتردا تێدەپەڕن! لە بنەمای یەكەمدا لە رووی ماددییەوە تا ئەندازەیەك دەتوانین مەودای نێوان بابەت و کەسی ئارەزووخواز بپێوین، بەڵام لە بنەمای دووەمدا لە رووی مەعنەوییەوە مەودای نێوانیان ناپێورێت. دۆن کیشۆت و ساشۆ قوربانی ماددیین و ناتوانرێت نێوانیان لە مەودای کۆمەڵایەتی و فیکریی تەجاوز بكرێت. بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هاوخەیاڵن. بۆیە لە رووی مەعنەوییەوە لاساییكەرەوەی خەیاڵن و ئەوانەی حەز لە گەمەی خەیاڵی دەكەن، دووچاری دووبەرەكی ناوەكی دەبنەوە، چونکە بونیادی خەیاڵی بە خێرایی دەبێ بە بڕوا و ھاوشێوەکردنە ماددییەکە دەرووخێنرێت و سروشتی ئەبستراکت وەردەگرێ و لەوێشەوە پارچەپارچەبوون و نیگەرانی پیادە دەكات. بەڵام هەردووكیان لەسەر شاردنەوەی بوونی بابەتی نێوەندگیری کۆکن.  

كەواتە نێوەندگیری خەیاڵی هەمیشە دەڵێ هەموو ئەم بابەتانەی تۆ هیچ نین جگە لە وەرگێڕانێکی جوانکارییانەی خەیاڵ نەبێت. بەو مانایەش نێوەندگیری ناوەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو ئارەزووانەوە دەكات، كە هەمووان بەرگری لێدەکەن. لێرەوە دەتوانین بڵێین كێشەی پەیامی رۆمانی كلاسیكی لە دەستنیشانكردنی چەمكی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەكردنی خودبوون. (بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە ل37، ه.س.پ).

 

ئارەزوو و ركابەریكردن

لە مۆدێرنەدا چەمكی رکابەری بەهۆی هاویەكبوونی دوو ئارەزووكەر بۆ یەک بابەت سەرهەڵنادات، بەڵکو بابەت ئارەزووی خود دەکات. دۆزینەوەی مۆد ئاسانترین دیارخەری ئەو بێهودەییەیە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی دەمانبات. ئێمە دەبینین بۆ نموونە ژنان ژیانیان بە کڕینی جل و بەرگ و ئیکسسوارات بەسەر دەبەن، نەك بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵكوو بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی بابەت ئارەزوویان دەكات. هەروەک چۆن ئەو گەنجانەی کە لاسایی ئەستێرەکانی وەرزش، یان سینەماكاران دەکەنەوە و هەریەک لەمانە زیادەڕەوی لە سۆز و جیاوازی کەسی و چێژی خۆیان دەکەن، کە هەیانە، یان بە شێوەیەكی سروشتی پێیان بەخشراوە.. مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەوڵبدات کەسایەتییەکی تر جگە لە کەسایەتی خۆی وەربگرێت، هەوڵدەدات لە رێگای لاساییكردنەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کۆپییەکی رووکەش. هەڵبەتە ئەوە رێگایەكە، کە مرۆڤی مۆدێرن لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەكاتەوە و وای لێدەكات تووشی بۆشایی و بیابانبوونی ڕۆحی و بە بابەتبوون بێت.

مرۆڤی تەكنۆلۆژی (مۆدێرنە) ئیگۆیەکی هەیە، کە لە خۆیدا توانای ئارەزووكردنی خۆی لە پێناو بەبابەتبوون لەدەستداوە... ئەگەرچی لە رووی تەكنۆلۆژییەوە هەمیشە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هەتا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان و چالاكییەكانیشدا هاوتای لاساییکردنەوەی سۆز و سۆزی تاکە جیاوازەکان نییە. ئێمە جلوبەرگێکی ئارەزوومەندانە و سۆز و شکۆمەندیی خۆمان دەپۆشین.. چالاکیی خەیاڵی ئێمە لە هەموو تەمەنەکاندا پەیوەستە بە سێگۆشەی ئارەزووەوە... بەو مانایەی كە مرۆڤ لە سیحری سێگۆشەی ئارەزوو دەرناچێت، كە دەرچوو، تووشی بەبیابانبوون دەبێتەوە.

مرۆڤ سیحری ئارەزووی لێنابێتەوە، تەنها لە لێواری مردندا نەبێت. لە وەسفەکەی رێنێ جیرارددا ڕوونە کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی پیاوانی ئایینی یان بانگخوازێک لە وەسوەسەی سەرسامبوون بە یاریزانێکی تۆپی پێ، كەمتر نییە.. بۆیە ئەوانەی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نییە، ئەوانەی هەستە راستەقینەکانیان لە تێکەڵەیەکدا لەدەست دەدەن، بە شێوەیەکی شەخسی ئارەزووی ئەویدیكەی دراوسێ دەكەن، لە بێهوودەییدا دەژین. بە كورتی رێنێ جیرارد ئاماژە بە کورتە قسەیەکی بیرمەند (ماکس شێلەر) دەکات، كە دەڵێت: مرۆڤ یان خودایەکی هەیە یان بتێکی هەیە. لەوێوە باسی ئەوە دەکات، چۆن مرۆڤ بزانێت کە خۆبەزلزانە؟ بۆچی (بۆ نموونە) زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان دوای هاوسەرگیری شکست دەهێنن؟ بێگومان چونکە ئەو خۆشەویستییە پەلەی تێدا كراوە. خۆشەویستی پاڵنەرێکی راستەقینەی هەستەکان نەبووە، بەڵکو لەبەر لایەنی سێیەمە كە ئیرەیی وڕوژاندووە، خۆبەزلزانینەکەی ناوەوەی وڕوژاندووە بۆ ئەوەی کێبڕکێ بکات... بەڵام دوای ئەوەی مەترسی رکابەرەکەی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی كە ئەویدیكەی ركابەردەبڕێت، ئیتر دەكەوێتە بۆشاییەوە، ئیتر ئیرادەی ئازادی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەبێتە عاشقێكی شكستخواردوو.

بە دیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ بەدەرنانی ركابەر و غیابی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا کەسایەتی دووچاری شێوانی دەروونی دەكات. كەواتە وەك چۆن خۆبەزلزان نابێتە هۆی رەزامەندی.. نەرگزییەتیش نابێتە هۆی ڕەزامەندی، بەڵکو لە دوو لاوە دەبێتە هۆی بریندارکردن. بەو مانایەش سڕینەوەی هێڵی نێوان خود و ئەویتر، لە ناوەوە و دەرەوەدا مرۆڤایەتی بریندار دەكات.

لە نێوان نەرگزییەت و خۆبەزلزان و سڕینەوەی ئەویدیكەدا ئەزموونی سەركەوتوو بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مەودای پەیوەندییەكان ئەوەی (ئارسەر شوبنهاوەر) وەك (دووفاقی ژووژك- معضلة القنفذ) قسەی لێكردووە.. (هونەركاری ئەدەبیش لەوەدایە كە ئاست و مەودای رەگەزە ئەدەبییەكانی بپارێزێت)  واتە بەبێ ئەوەی لە پەیوەندیدا بڕێک - کە رەنگە زۆر بێت – زیان بەیەكتر بگەیەنین و بێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، پێویستە لە پەیوەندیگرتندا مەودایەك هەبێت، یان بە مانایەكی دیكە پێویستە سنووری ئازادی یەكتری بپارێزین.

كەواتە درووستی پەیوەندی نێوان خود و ئەویتر، نێوان رەگەزێك و رەگەزێكی دیكە، هەر ئەوە نییە، كە خود بەدوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە، كە بە دوای ئازادی ئەویتری خۆیدا دەگەڕێت، لە ئەویتردا. لەو زنجیرە گەڕانەدا، لە ئەرزشدانان بۆ ئازادی ئیگۆ درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەویدیکەش بە ئازادی خۆی بگات. بەو مانایە خۆخۆشەویستن بە نەرێنی تەماشا دەكرێت، تا ئەو ئەندازەیەی کە خود ئەویدیکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێبەها نەکات! رێز لە سنووری ئازادییەكانی ئەویدیکە بگرێت.. كەواتە بەریەککەوتنی درووستی پەیوەندییەكان بەو مانایە دێ، کە هەمیشە دووری نێوان خۆت و ئەویدیكە لە رێگای داننان بە سنوورەكانی ئازادی بپارێزیت. لە بەرانبەردا خۆبەزالزان و نەرگسییەت بریتییە لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی. پەیوەندی درووست و ئەرزشدانان بۆ ئازادی و ئازادی ئەویدیكە شادیبەخش و دڵخۆشکەرە.. واتە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆدەبنەوە، یەکتری تەواودەکەن، چێژ و شادی بە یەک دەبەخشن. ئەگەرچی وەك (زیگمونت باومان) دەڵێت دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەستدەهێنیت و شتێک لە دەستدەدەیت. هیچ رێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. ئەگەرچی هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە.

 

ئەفسانەی ئارەزوو و ئەفسانەی گێڕانەوە

لە ڕۆمانی (غەریب)ی (ئەلبیر کامۆد)ا پاڵەوانە زیندانیکراوەکەی دەڵێ: سەرەتای بەندیم سەخت بوو، بەڵام هەوڵمدا و بەسەرییدا تێپەڕیم.. من لە زینداندا بە ئارەزووی ئازار دەچووم، ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو. هێشتا گەنج بووم، تەنیا بیرم لە (مێری) نەدەکردەوە، بەڵکو بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە... بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە... لە هەموو ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیبووم... لە رێگای ئەفسانەی ئەو گێڕانەوەیەدا لە ئەفسانەی ئارەزوو و ئارەزووی ئەفسانە دەگەین. تێدەگەین، كە ئارەزوو و ئەشکەنجە لێكدوور نیین، بۆیە بیرکردنەوە لە مێینە و ئارەزووکردنیان لەناو زینداندا، واتە بەدیهێنانی ئارەزووەكانم، كە خەونی ئارەزووی ئەویدیكە رەنگ دەكات. بەڵام ئایا زیندانیکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر بینینی خەونەكانی من نییە، بۆ تێرکردنی خەونی ئەو ئارەزووانەی كە پێشتریش لە دەرەوەی ژووری رەشدا هەر خەون بوون، ئایا لە زینداندا خەونی ئارەزوو ئەفسانە نییە؟

(ئەلبیر كامۆ) لە رۆمانی (غەریب)دا هەوڵدەدات دەست بۆ خەونی ئەو پرسیارە سەرەكی و لاوەكییانە بەرێت و بڵێ کەسایەتی زیندانیكراو گوزارشت لە دیاردەیەکی نەرێنی دەکات، بەدیوەكەی دیكەش ئەوە دەخاتە روو، كە ئارەزووە بەدینەهاتووەكان بەبێ ئازادی مەیسەر نابێت، بەڵام خۆ ئارەزوو چ لە ناوەوە بێ یان لە دەرەوە هەڵگری هیچ فۆڕمێك نییە.. ئایا ئەوانەی ئازاد نیین فۆڕمییان هەیە؟ بێگومان خەونی بە فۆڕمبوونیش بۆ خۆی پرسیارە، بۆخۆی ئەفسانەیەكە و مێژووی سەرکوتکردن لەناو کەسایەتی (كاراكتەری) رۆمانی غەریبدا دەینووسێتەوە!

كەواتە ئەفسانەی ئارەزووكردن.. ئەفسانەی هەموو ئەو خەونانەیە، ئەفسانەی هەموو ئەو فۆڕم و بێ فۆڕمانەیە، كە لە ئەفسانەی گێڕانەوەی (غەریب)دا رەنگیداتەوە. بۆ نموونە (ئەمڕۆ دایكم مرد) هەر بێ فۆڕمی نییە، خەیاڵی نامێژووییشە! (غەریب) بە خەیاڵی نامێژووییەوە دەناسرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە دەبینین لە رۆمانی (سوور و ڕەش)ی (ستاندال)دا مەودای نێوان پاڵەوان و نێوەندگیرەکەی کەمتر نییە، لە هاوتاکەی لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا.. بەڵام (ئەمڕۆ دایكم مرد) وەك دەستپێكی رۆمانی غەریب ئەم مەودایە تێدەپەڕێنێ و ئیرادەی ئازادی دەچەسپێنێ، ئەوەش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا جیهانی سەربەخۆ لەو جیهانانە جیا دەکاتەوە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە هەردوو باردا ئەفسانەکانی گێڕانەوە، ئەو خەونە زۆر کۆن و نوێیانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندیان لەبەر دەستدا نییە، تەنها بەڵگەیەك كە هەبێت، ئەوەیە، كە لەسەر ئەفسانەی ئارەزووە چەپێنراوەكانی مرۆڤ درێژ دەبنەوە. چونكە ئەفسانەكانی ئارەزوو، ئارەزوو ئەو خەونانەن، كە ئەگەرچی چەپێنراون، بەڵام ڕەگەز و پێكهاتەکانیان شاراوە نیین، لەبەر هەندێ هەرچۆنیان لێكبدەینەوە لە سنووری مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەرناچن. لە بنەڕەتدا ئارەزووی گێڕانەوە بۆ ڕاڤەكردنی جیھان، یان وەك بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە بەرانبەر ھێزە سروشتییە ناسراو و نەناسراوەکاندا داڕێژراون، بۆیە بەردەوام زاراوەی ئەفسانەی ئارەزوو تێكەڵ زاراوەی ئەفسانەی گێڕانەوە و ئاوێتەی ئەمڕۆ و دوێنێ دەبێت.

بە شێوەیەكی گشتی لەو نووسینەدا دەمەوێ لە رێگای (رۆلان بارت-أسطوريات، ترجمة د. قاسم مقداد، وصدرت عام 2012 عن دار التكوين،)ەوە خەسڵەتی مێژووییبوون لە ئەفسانەی گێڕانەوە و ئارەزووی گێڕانەوە بكەمەوە! ئەگەرچی مێژووی گێڕانەوە لە ئوستوورە نزیكە..

بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بۆ ئەفسانەی ئارەزووی گێڕانەوە هانا بۆ لێكدانەوە جیاوازەكانی بارت‌ بەرم. چونكە رۆلان بارت وەك ئەنترۆپۆلییستەكان لە ئەفسانە ناكۆڵێتەوە، بەڵكوو وەك رەخنەگرێكی مۆدێرنی ئەدەبی قسە لە جۆرێكی دیكەی ئوستوورە دەكات، ئەویش ئوستوورەی سەردەمە! ئوستوورەی سەردەم لە رێگای ئارەزووی گوتارەوە، رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لە (ئوستوورەی ئەمڕۆ)دا بارت پێناسەیەک، یان وردتر کۆمەڵێک پێناسە، بۆ ئەفسانە دەخاتە روو و دەڵێ ئوستوورە سیستەمێکی پەیوەندییە، نامە و فۆڕمێکە لە مانادا، هەموو فۆرمێکیش ملکەچی بەکارهێنانی بە کۆمەڵ و ملکەچی خواستەکانی گوتارێکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەفسانە، وەك شێوەی قسەکردن، نووسین، وێنە، پڕوپاگەندە، وەرزش، چالاکییە کولتووری یان کۆمەڵایەتییەکان... كەواتە ئەفسانە لای بارت نە چەمکە، نە بیرۆکەیە و نە شتێکە.. بەو مانایەش رۆلان بارت ئەو کەسەیە کە ئەفسانە زیندوو دەکاتەوە و ئەو کەسەیە کە ئەفسانە دەکوژێت.

ئەفسانە قسەکردنە. بەڵام هیچ قسەكردنێك نییە، لە مێشکماندا یەکسەر پێکدادان لەگەڵ سێگۆشەی ئارەزوو درووست نەكات، هیچ ئوستوورەیەك نییە، دژایەتییەك لە پرۆسە و ڕێکخستنەوەی گرامەر دروست نەکات. ئەفسانە لە پێناسەی (بارت)دا ئەو رێگایەیە (بۆ نموونە کە نامە خۆی پێدەگەیەنێت) کەواتە بەرهەمی (قسەکردن – الكلام)ە، نەوەک زمان (اللغة).. هەمیشە ئەوەی دەگوترێت شتێک دەشارێتەوە، بەڵام چۆنیەتی گوتنی ئەوەی دەگوترێت گرنگە، نەك شێوانەكەی.. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیە، نە دانپێدانان، بەڵکو ئارەزووی گێڕانەوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×