ڤیکتۆر خارا، ژەنیاری زانستخواز !
  2025-03-10       102       
ڤیکتۆر خارا

ڕەشاد -  مستەفا سوڵتانی                                                                                  

 

لە پڕۆسەی کودەتا، بە خاتر بڕوای سیاسی شارۆمەندان و ڕووناکبیرانی ئازادیخواز کوشتارو قەڵاچو دەکرێن.

ڤیکتور خارا، ژەنیار و مرۆڤێکی شارەزا و کارزانی دەریای موسیقا و پردی پەیوەندی بەرخودانی مەدەنی بوو. ژنڕال پینۆشە ، نازیەکان و خمەرە سوورەکانی کامبوجیا گیرۆدەی نەخۆشینی سادیسم بوون . موخالفین ودژبەرانی خۆیان وەک" ئەندامانی پارازیت و مێمڵ "ی کۆمەڵگا ناو دەبرد و ، بڕوایان وا بوو ، کە دەبێ لە کۆمەڵگا کوشتار و قەڵاچو کرێن. ژنڕاڵ پینوشە لە لایەن ئوڕگانی سیای ئامریکاوە یارمەتی ئاشکرا دەکرا. پینۆشە بەڵێنی دا ، تەنیا چاکسازی و دابین کردنی ئەمنیەتی شیلی لە ئەستۆ دەگرێت و پاشان واز لە دەسەڵات دێنیت . کاتێک کودیتاکەدا سەرکەوت گوتی : ئێمە گسکی کارەبایی نین کە مارکسیستەکان گسک بدەین ، و پاشان دەسەڵات بە سیاسەتمەدارەکان پێشکەش کەین. کابینەکەی دوکتور سالوادور ئالیندەی وەک مێمڵ وپارازیت چاو لێدەکرد کە پێی وا بوو دوکتورئالیندە دەیەوێت وڵاتی شیلی وێران وکامباخ بکات. بۆ ئەو مەبەستە تاوانی مەزنی کردو، لایەنگران و باوڕمەندانی هزر و بیری چەپ و سیکۆلاری بەیارمەتی سازمانی سیای ئامریکاوگسکی ئاسنین قەڵاچو کرد. دوکتور سالوادور ئالیندە پزیشک بوو. و باوڕ و متمانەی هەبوو کە دەبێ ئاڵ و گۆڕی سوسیالیستی لە شیلی لە ڕێگای سەندووقی دەنگ دانەوە دەستەبەر کرێت . وحکومەتەکەی گەلپەسەندە و ڕێبازی خەباتی چەکدارانەی هەڵنەبژارد. ماسمێدیای کودیتاچیەکان پڕوپاگاندەی ژەهراوی لە نێو هێزی نیزامی بڵاو کردبوەوە وپینۆشە خۆی بەسواری تانک هێرشی کردە سەر کۆشکی سەرۆک کۆمار. دوکتور ئالیندە بە دەستی هێزی پێنوشە کوژرا وکاتێک تەرمەکەیان دۆزیەوە کەللەی سەری تەقیبوەوە ، دەڵێن و گومان دەکرا کە دوکتور ئالیندە خۆی گوللەی بە سەر خۆیەوە نابێت .

ڤیکتورخارا زمانێکی نوێ هەڵبژارد و شارەزایانە ڕاسپاردە سیاسیەکانی تێک هەڵشێلاو بە ئیلهام وەر گرتن لە دیاردەکانی میتافور ،میتولۆژی و ئیستعارە گۆرانیەکانی پێشکەش بە جەماوەر دەکرد و ئازارەکانی دەشکاندو خولقێنەری حیماسە جوان و بلاوینەکانی موسیقا بوو.

ڤیکتورخارا گۆرانی بێژی "هەژار پارێز" ی شیلیایی بووکە هزری چەپی پێشڕەوی نوێنەرایەتی دەکرد، لەگەڵ هەزاران ئازادیخوازی تر ئەسیر کرا و،بەرەو وەرزشگای شیلی گوازرایەوە. داڵی مەرگ بە سەر سەریانەوە دەخولایەوە. سەربازانی کودیتا، ناجوامێرانە ئیهانە و بێ حورمەتی زۆریان پێی کرد و دەیانویست فەرهەنگی سیکۆلار بکوژێنەوە. لە یەکەمین هەنگاودا دوو دەستی ڤیکتورخارایان شکاند کە ئیتر نەتوانێت ژەنیاری گیتار بێت و پاشان چل و چوار٤٤ گوللەیان پێوە نا و تیربارانیان کرد.

ڤیکتور خارا لە وەرزشگای سانتیاگۆ بە گیتارەکەی کە هیشتا لە گۆ نەکەوتبوو گۆرانی دەخوێند و سنوور و کەوشەنی بەزاند و سەربەستی و ئازادی بانگەواز دەکرد. ئاخرین گۆرانی کە لە ئوردووگای مەرگ ئامادە ی کردبوو ناوی " وەرزشگای شێلی" یە. کە شانموونەی هەڵویستی ئەم ژەنیارە بوو و، هەرگیز بە دەنگی خۆی نە خوێندرا. بەڵام هۆنراوەکەی پسکۆ پسکۆ خزایە دەرەوە ولە ناو جەماوەردا بڵاو بوەوە. " ژمارەی ئێمە لەم بەشە چکۆلەی شاری سانتیاگۆ پێنج هەزار کەسە. تەنیا لێرە دەهەزار دەست تۆی ئازادی لە جیهاندا دەچێنێت! " سەد مخابن دەستەکانی ڤیکتۆر خارا فریای چاندنی ئازادی نەکەوت .

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×