عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(لۆدفیگ جۆزێف یۆهان فیتگنشتاین 1889-1951) فەیلەسوفى نەمساوى هەڵگرى رەگەزنامەى بریتانى، جولەكە ئایین، بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانى سەدەى بیستەم دەژمێردرێت، نووسینەكانى لەنێوان هەردوو جەنگى جیهانیدا شۆڕشێكى گەورەى لە فەلسەفە و فەلسەفەى زماندا نایەوە، لە بوێریدا بە سوكرات ناس دەكرێت. سەرەڕاى شێوازە ئاڵۆزە نیتشەوییەكەى توانى بیركردنەوەى فەلسەفیانە و رێگاى مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلە فیكرییەكان بگۆڕێت، چونكە لاى ئەو ئەركى فەلسەفە نییە جیهان بگۆڕێت، یان راڤەى بكاتەوە، بەڵكو ئەركى فەلسەفە ئەوەیە (شت)ەكان وەك خۆى بە روونی ببینێت و رۆشنایى بخاتە سەر بیركردنەوە. ئەو بیركردنەوە (راسل)ییە، پێماندەڵێت فەلسەفە دیاریكردنى ئەوەیە كە دیارى دەكرێت و ناتوانرێ بگوترێت. كەواتە ئەركى فەلسەفە بەرهەمهێنانى (دۆزە) فەلسەفییەكان نییە، بەڵكو روونكردنەوەیانە لە رووی زمانەوە.
(تراكتاتۆس)
پەیوەندی زمان و جیهان
لە كتێبی (تراكتاتۆس- پەیامى لۆژیكى- فەلسەفى) ئامانجی فیتگنشتاین دیاریكردنی پەیوەندی زمان و جیهانە. واتە چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی لە رێگای وێنەكێشراوەكانی جیهانەوە گوزارشت لە وێنە شیمانییەكانی زمان بكرێت. فیتگنشتاین دەیەوێ شیكارى چەمكەكانى (جیهان) و (زمان) بكات، جیهان بە نسبەت فیتگنشتاین دنیاى واقیعى یان بوونى دەرەكىیە، بۆیە سەرەتا لە شیكردنەوەى جیهانەوە دەستپێدەكات، چونكە پێیوایە بە شێوەیەكى لۆژیكى جیهان پێش زمان دەكەوێت. بەڵام دواتر لە زمانەوە شتە ئاوێتەكان شیدەكاتەوە و بەرەوە رەگەز و بنەما سەرەتاییەكانیان دەباتەوە و زمان بە سەرجەمى دەستەواژەكانییەوە دیارى دەكات. پێیوایە ئەوەى لە زماندا گوزارشت لە خۆى دەكات، ناشێ ئێمە لەمیانى زماندا گوزارشتى لێبكەین، بەس دەتوانین بیخەینە روو! بۆ نموونە (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) هەر یەكەیان وێنەن بۆ راستییەكی دیارى كراو: یەكەمیان، وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوا دەكێشێ. دووەمیان، وێنەى راستییەكی گەردوونییە. واتە زمان پەیوەندى وێنەیە بە نیگارەوە، یان زمان پەیوەندی وێنەی زمانەوانییە بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە، یان دەرەكییەوە.. وێنەكان بیرۆكەن و لە زماندا خۆیان دەنوێنن، وێنەبۆكێشراوەكان دەرەكیین و لە جیهانەوەن. هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەوەى كە بیرۆكە و هزر هیچ نین، جگە لە دەستەواژەى زمانی پڕ واتا نەبێت.
بەڵام (لۆژیك) بنەماى فەلسەفەیە، لۆژیك زمانمان بە شێوەیەك دادەڕێژێت، كە شیاوى گوتن بێت، بەو مانایەش ئێمە و دۆزەكان دەكەوینە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە.. لۆژیك وەك پێویست لە دۆزەكان، یان بە گشتى لە زماندا رەنگدەداتەوە، هەموو ئەوەى لە زمانیش رەنگدەداتەوە، ناشێ زمان نوێنەرایەتیان بكات.
وێنە و نیگارەكێشراوەكان
(زمان و جیهان)
زمان وەك وێنەی شیمانەیی، راستی وێنەكێشراوەكانی جیهان دەگەیەنێت، رستەكان رەنگدانەوەی راستییەكانن، رستە وەك وێنەیەك وایە، كە بەشەكانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەیەكەوە گرێدراو بێت، وەك چۆن لە واقیعدا شتەكان بە بەیەكەوە گرێ دراون، كەواتە زمان لە واقیع دەچێت. رستەكان دەشێ راست بن، یان درۆ، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ واقیع دەگونجێن. راستى پەیوەندى وێنەیە بە وێنەكێشراوەكانەوە، ئێمە بۆ خۆمان وێنەى فاكتەكان دەكێشین (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) (خەڵكانێك بە جیهاندا گوزەر دەكەن) هەر یەكەیان وێنەن بۆ فاكتێكى دیارى كراو، بەڵام بونیادى وێنەكێشراوەكانی جیهان ئەو رێگایەیە كە رەگەزەكانى وێنەی كێشراو بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
كەواتە زمان، جیهان لە دۆزی پۆزەتیف و نێگەتیف پێكهاتووە، دۆزە پۆزەتیفەكان وێنەى دنیاى كردەیى دەكێشن، بەڵام دۆزە نێگەتیفەكان وێنەى واقیعێك دەكێشن كە شیاوى بوونە، بەو مانایەش دەكەوینە نێوان بوون و نەبوون. كەواتە جیاوازى نێوان وێنە و وێنەی كێشراو ئەوەیە كە وێنەكێشراوەكان هەبوونن بە كردە، بەڵام وێنە شیانى هەبوونە بە كردە. بە مانایەكی دیكە جیهان بە كردە هەبوونە و زمان بە كردە شیانی هەبوونە.
ئەوەی جیهان دەرنەخات، دەبێ وسبەی لێبكرێت
لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا كورتەیەك لە هەڵوێستی فیتگنشتاین لە بارەی پرسە میتافیزیك و ئایینییەكان دەبینرێت، نواندنی ئەو كورتە هەڵوێستە دەكەوێتە دەرەوەی وێنەگرتنی راستییەكانەوە، راستى (فاكتى) دۆزەكانى زمانیش لەسەر راستى (فاكتەكانى) جیهان وەستاوە. بەو مانایەش ئەگەر فاكتێك بۆ حوكمدان لە ئارادا نەبوو، ئیتر دەكەوینە باری نە راستی و نە هەڵەیی.. (وەك میتافیزیك) نە راستی و نە هەڵەیی تەنها بوونێكى زمانەوانی هەیە و وێنەى هیچ فاكتێك نانوێنێت، واتە هیچ پردێك بە واقیعی نابەستێتەوە. ئەوەش ئەو قسەیەمان بیر دەخاتەوە كە ئەوەى خۆى دەردەخات و فاكت دەرناخات، ناتوانرێت بگوترێت، ئەوەیشى ناگوترێت پێویستە بێدەنگى لێبكرێت.
كتێبی تراكتاتۆس لەسەر بنەمای ئەو بیركردنەوەی سەرەوە، مشتومڕی میتافیزیكی رەتدەكاتەوە و جەخت لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكات. لێرەوە تەنیا تیۆرى وێنەكێشراوەكانی جیهان بەرز دەكاتەوە و وسبە لە فاكتە گوتراوەكانى زمان دەكات. هەموو ئەوەى كە ناشێ بیرى لێبكەینەوە، ئەوەى كە ناتوانرێت گوزارشتى لێبكرێت، ئەوەی كە وسبەى لێدەكەین، میتافیزیكایە، بەو مانایەش تراكتاتۆس كتێبێكە لەسەر میتافیزیكا.
(پاش تراكتاتۆس)
لە رووی فەلسەفییەوە هەر دۆزێك، ئەزموون یان لۆژیك تێپەڕێنێ، بێ مانا دەكەوێتەوە. ئەگەرچى فیتگنشتاین سەرەتا لە زمانەوە دەستپێناكات، بەڵام شیكردنەوەكانى زمانەوانییە، ئیتر لە پاش كتێبی تراكتاتۆس بیرۆكەی یارییە زمانییەكانی پێش دەخات، بەڵام نەك وەك ئەوەی زمان وێنەیەكی جێگیری جیهان بێت، بەڵكو وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهان... وەك ئەوەی یارییەكی كراوەبێ بەسەر ئایین... ئەو دنیابینییە كۆمەڵێ راڤەكردنی جۆراوجۆری بە رووی جیهان و ئایین و ئەزموونی رۆحی لێكەوتەوە.. راڤەكردنی جۆراوجۆر چونكە هەموو چالاكییە مرۆییەكان یاسای زمانەوانی جۆراوجۆری خۆیان هەیە.. كەواتە مانا لە زماندا پشت بە چۆنێتی بەكارهێنانەوە دەبەستێت و دەكەوێتە چوارچێوەی گەمەی زمانەوانییەوە، نەك چۆنێتی جێبەجێكردنی بەسەر جیهاندا، هەر لەو راستییەوە زمان لە یارى نزیك دەبێتەوە، بۆیە فیتگنشتاین هەرگیز لەگەڵ جێگیربوونی مانا نەبووە، پێیوابوو وشە هەڵگری مانای چەسپاو نییە. وشە مانا لەخۆ ناگرێ، بەڵكو ئەوە ئێمەین پڕ ماناى دەكەین، وەك چۆن بیرۆكەی بوونی تاكە زمانێكی لۆژیكی یان ئایدیالی بۆ نوێنەراتیكردنی راستییەكان، رەتدەكاتەوە. لەوێشەوە زمانی سادەی بۆ فەلسەفە پەسەند دەكات، بەو مانایەش رووكردنە لۆژیك واتە رووكردنە روونی زمان، هەر لەوێشەوە لە راستى تێگەیشتن لە لۆژیكى زمانەوە رێگای بۆ زۆر لە كێشە فەلسەفییەكان دەدۆزێتەوە.. كەواتە فەلسەفە تیۆر بونیاد نانێت، بەڵكو گوزارشت لە كاركردنی زمان بە شێوەیەكی روون دەكات.
فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكى زمان
تراكتاتۆس تا ئەو پەڕى ئەنتى ئەفلاتوون و ئەنتى فەلسەفەیە. دەستەواژەی فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان، خودی زمان بۆ كۆمەڵێك دۆز شیدەكاتەوە، بە دواى ئەو دۆز و نۆرم و راستیانەدا دەگەڕێت، كە پەیوەندییان بە فیكر و واقیع و لۆژیك هەیە. دوای تراكتاتۆس لاى فیتگنشتاین زمان فیكرە، هیچ زمانێك بێ فیكر بوونى نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فیكر بەرهەمى ئازادییە، چونكە خەیاڵ رابەرایەتى دەكات! كاتێك فیتگنشتاین پێیوایە زمان فیكرەكانمان بەرجەستە دەكات، ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان ئازادییمان دەنوێنێ.
فیتگنشتاین لە قۆناغی تراكتاتۆسدا جەختی لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكردەوە، بەڵام لە قۆناغی پاش تراكتاتۆس جەخت لە خودی زمان دەكاتەوە، وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كە پشت بە بەكارهێنانە جیاوازەكان دەبەستێت، هەر بەو مانایەش بیرۆكەی عەقڵ و ئاگایی سەربەخۆ دەخاتە دەرەوەی زمانەوە. لە كتێبى (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا دەڵێت: زمان قسان دەكات و خۆى رۆناك دەكاتەوە، یان ئازادى خۆى دەخاتە روو، ئەوە ئێمە نین ئەو ئازادییە بە زمان دەبەخشین، چونكە ئازادی ئێمە بە تێگەیشتنى زماندا دەڕوات و تێگەیشتنی زمانیش هەر دەبێ بە زماندا بڕوات، هەر دەبێ زمان گوزارشتى لێبكات، هەر دەبێ زمان رۆناكى بكاتەوە...
لە رووى فەلسەفییەوە شیكارخوازان سێ ئاراستەیان هەیە: یەكەم: ئاراستەیەك كە هەوڵدەدات پراكتیزەكردنی چەمك و فیكرەكان بە شێوەی بەش بەش شیبكاتەوە... ئەوە ئەو ئاراستە دیالكتیكەیە كە سوكرات كارى لەسەر كردووە... دووەم: ئاراستەیەك كە مەعریفەكانى مرۆڤایەتى شیدەكاتەوە و دەیانباتەوە سەر كۆمەڵەى سادە و رەگەزى سەرەتاییەوە، وەك لاى جۆن لوك (فیكر كاغەزێكى سپییە) و دیكارت (زانستەكان سروشتین- یان لەخۆیانەوە هەن)... سێیەم: ئاراستەیەك كە بە شیكردنەوەى ئەو دەستەواژانە هەڵدەسێ كە خاوەنى مەعریفەى جێگیرن (فەیلەسوفانى زانكۆى كمبردج- مۆر، راسل، فیتگنشتاین، پۆزەتیفزمە لۆژیكخوازەكان و قوتابخانەى ئۆكسفۆرد)...
زمان و روونكردنەوەى زمان
پێویستە فەلسەفە و لۆژیك راستى و ناڕاستى زمان و پەیوەندی زمان بە واقیعەوە دیارى بكات، وەك چۆن پێویستە فەلسەفە گرنگى بە گرامەرى زمان بدات. فیتگنشتاین پرنسیبى هۆكارئامێزانە رەتدەكاتەوە و پێیوایە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك لە مەعریفەى شتێكى دیكەوە بە دەست بهێنین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین بەیانى خۆر هەڵدێت، بە هۆى ئەوەى بەردەوام هەڵدێت. هەموو هۆكارێك دەبێ پێداویستییەكى لۆژیكى لە پشتەوە هەبێت. بەمجۆرە فەلسەفەی فیتگنشتاین لە زمانەوە مشتومڕێكی هاوچەرخ و نەرم و نیان و تێگەیشتنێكی ناتەقلیدی لەبارەی زمانەوە خستەڕوو، زمانی ئازاد کرد لەو سنوورە تووندانەی کە فەلسەفەی کلاسیک و لۆژیکی فۆرماڵی بەسەریدا سەپاندبوو. زمانی وەک بوونێکی زیندوو و فرەچەشن و فرەجوڵە بە ژیانی مرۆڤەوە گرێدا.
فیتگنشتاین فەیلەسوفێکی ناوازە بوو، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان زمان و جیهان پێناسە کردۆتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەحەدای ئەو بناغە فەلسەفیانەشی کرد کە زۆر بیرۆکەی تەقلیدی لەسەر بنیات نراون. لە قۆناغی یەکەمدا دیدێکی تووند و ئایدیاڵی زمانی وەک ڕەنگدانەوەی وردی واقیع خستەڕوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا سنوورداربوونی ئەم دیدەی درک پێکرد و پەرەی بە دیدێکی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتر كرد، کە زمان لە رێگای فرەییەکەیەوە وەك کۆنتێکست و یارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێ.
فیتگنشتاین فێری کردین کە فەلسەفە تەنها بەدواداچوون نییە بۆ ڕاستی ڕەها، بەڵکو فەلسەفە دەتوانێ لە رێگای روونکردنەوەی زمانەوە یارمەتیمان بدات باشتر لە خۆمان و جیهانەکەمان بگەین. وەك چۆن فەلسەفە بنیاتنانی تیۆرە نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمانەوەیە.
زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فیتگنشتاین تێپەڕیووە، كەچی هێشتا کاریگەری فەلسەفەکەی لەسەر بوارەکانی وەک زمانەوانی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زانستی کۆمپیوتەر و تەنانەت توێژینەوەی ئایینی ماوەتەوە. لە کۆتاییدا فەلسەفەی فیتگنشتاین وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ توانای هزری مرۆڤ، بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، بۆ پرسیارکردن لەوەی کە پێمان وایە دەزانین. فیتگنشتاین ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەردەمی خۆی تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی فیکری بۆ نەوەکانی داهاتوو.