ئەندازیار شێخ ڕەنج
(کوردبوون - بە شێک لە بیرەوەریەکانی کاپیتان حەمەدی مەولودی) یەکێکە لەو شاکارە کەم وێنە و مێژووییە پڕچێژ و بەرز و بەنرخانەی نێو پەڕتوکخانەی کوردی ، کە پێویستە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەموو کوردێک خوێنەری بێت و لەوانەی مێژووی قۆناغەکانی خوێندندا ئاشنا بکرێت و کاپیتان حەمەدی مەولودی بناسێنرێت وە کو سیمبولی بەرخودان و پاڵەوانی گومناو و شەھیدی زیندوی رێگای سەختی کوردبوون .
کەمن ئەوانەی وەک کاپیتانی کوردان کە ھەر لە بەرەبەیانی ژیانیا چڵپاوی نەھامەتی و مەینەت لەڕوویان پژاوە و لە یەکەم نیگایان بۆ ژیان نیشتمانی دووەم (دایک)ی سەردەنێتەوە و ئەستێرەی بەختی کاپیتان دەکشێ و لە چاوان وون دەبێت ، ژیانی پڕ لە مەینەت ودەردەسەری و چەرمەسەری شێوە دەگرێ. کوچە و کۆڵان و حەسارەکانی مھاباد دەبنە جێ خەو و سرەوتنی گیانی بەرزی کەپیتان، خاک وخۆڵی سابڵاخ شاھیدی جەفا ڕەنجی فەرھادانە و بێ سەوادی ئەم جوامێرە گومناوەن.
گێڕانەوەکانی کاپیتانی کوردان زیندووکردنەوەی قۆناغێکی ھەستیار و خوێناوی مێژووی نەتەوەی کوردە. کە ھەر لە جەنگی قاجار و عوسمانی و رەشبگیری و کۆمەڵ کوژی ناوچەی سابڵاخ بەدەستی رووسەکان و برسێتی گەورە و حوکمڕانی سمکۆی شکاک و ڕەزا شای پەھلەوی و گەلەک رووداوی مێژوویی تر.
کاپیتانی کوردان لە ھەموو وێستگەکانی ژیانی پڕ نەھامەتیدا بە گژ زوڵم و زۆری ستەمکارانی رۆژگاردا چۆتەوە و لە بەرەی چینی زەحمەت کێش و ھەژار و بێ نەوایاندا خۆی بینیوەتەوە . کاپیتان سەرمەشقی بەگژدا چوونەوەی ستەمی چینایەتی و کۆیلایەتی بووە. ھەر ئەم ھاندەرە ناوەکییە بۆتە پاڵنەرێکی بەھێزبۆ تێکەڵبوونی بەدنیای سیاسەت و فیکری چەپ و نەتەوەیی ئەودەمەی کۆماری کوردستان ، کە ئەو لە ژیانی تایبەتی خۆی و لە ئەرزی واقیعدا ئە م ڕێبازەی پیادەی کردووە و ھەمیشە لەھەر جێیەک زوڵم و ستەمی ئاغا ودە رە بەگ و دەست رۆشتووەکانی ئەو سەردەمەی ھە بوو بێت کاپیتان وەک قەڵایەکی ورە پۆڵایین سەنگەری لێ گرتوون و مافی خوراوی چەوساوە و بەش مەینەتەکانی سەندۆتەوە.
ئازایەتی و پاڵەوانێتی و بوێری و زەبر و زەنگی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان (کاپیتانی کوردان) مەدالیایەکی پڕ بەھا و بەنرخە بە بەرۆکی (مێژووی کۆماری کوردستان)ەوە ئەدرەوشێتەوە.
خەبات و بەرخودانی کاپیتان لە (کۆماری کوردستان)دا لاپەڕەیەکی پڕ شانازی و درەوشاوەی ژیانێتی کە چۆن بی پەروا ژیانی خۆی وھاوسەر و منداڵەکانی وەک مۆم سوتاند بۆ رێگای سەربەخۆیی کۆماری کوردستان ، ماندووبوونەکانی بۆ وێنا کردنی ئەم ناوچە ئازادکراوەی کوردستان بە دەیان پەڕتووک و یاداشتنامە نانوسرێتەوە.
خەم و کەسەر و مەینەتیەکانی دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و ھاوسەنگەر و ھاوڕێکانی باری سەرشانی کاپیتان ھێندی تر قورس دەکات و تەمی غە مێکی قوڵ و تاریک لە ھزر و دڵی کاپیتاندا دەچینێت کە تا سەرنانەوەی لە غوربەتدا بەرۆکی ئەم پیرە جوامێرە بەرنادا، بەرداشی رۆژگار ئێسک و گۆشتی کاپیتان وەک ئەسپوونی ورد ھاڕیو و ناڵە و فوغان و حەسرەتی لە ئاسمانی باکۆدا بۆ ھەمیشە دەنگدەداتەوە ، مکوڕبوونی لە بەرخودان وئاڵنگاریی و پێداگری لە مافی ڕەوای نەتەوەکەی وای کرد کە نەتوانێت لە نیشتمانەکەی کونجێکی ئارام بدۆزێتەوە وتیا بژی ھەتا سەرنانەوەی لە غەریبی ھەر ئاوارە و سەرگەردان بوو.
ھێمنی ھۆزانڤانی گەورەی کورد وەک بڵێی ئەم دێڕە ھۆنراوەی بۆ کاپیتان وتبێت :
پیری زوڕھانی کەنفتی دەربەدەر
دیدە سووری دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر
لەدوای ڕوخانی رژێمی پاشایەتی ئێران و لەوسەروبەندەدا کاپیتانی کوردان خۆی سازدەدات کە بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی نیشتمان , بۆ ئەو سابڵاخەی کە پتر لە ٢٨ ساڵ لێی دوور کەتۆتەوە ، بە تاسەیە بۆ ھەناسەیەکی قووڵی پڕسنگی ژاری مھاباد و باوەشێکی گەرم و پڕ حەسرەتی نەوە و منداڵەکانی و چاوەکانی ئاوەنگیان گرتووە بۆ نیگایەکی مەیدانی چوارچرا و باغی قازی بەڵام ئەفسوس ئەمجارەش لە دواساتەکانی گەڕانەوەیدا دڵی پڕ سوێی بەرگەی ئەو ساتە خۆشانە ناگرێت و گیان دەسپێرێت و ئەم ھیواو ئاواتەشی لەتەک جەستەی شەکەت و ماندوویدا لەگۆڕ دەنرێت.
ھەژار وتەنی :
ھەزار دەوران گەڕا مەیگێڕی گەردوون تا ھەلێکم ھات
لەبەر پیری ئەویشی لێ ڕژاندم دەستی لەرزۆکم
دەست خۆشی و سوپاس بۆ ماندووبوونی نووسەری ئەم شاکارە کەم وێنەیە (وریای ماملێ)ز